عەلی تەتەر: سبەی لە پارێزگای دهۆک پشووی فەرمی دەبێت

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 - هەولێر:

پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی بەخووڕ و بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، سبەی لە سەرتاسەری پاریزگای دهۆک پشووی فەرمی دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (19ـی ئاداری 2024) عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، بۆ مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، هەروەها بەهۆی بارینی بارانی بەخووڕ، سبەی لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک پشووی فەرمی دەبێت.

پارێزگاری دهۆک، ئاماژەی بەوەدا، سبەی تەنیا دەوامی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە هەیە كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ بواری فریاگوزاری و به‌هاناوەچوونه‌وه‌.

عەلی تەتەر، داواکارە لە هاووڵاتییان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و کەسوکاریان لە ماڵەکانی خۆیان دەرنەچن، بۆ ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری لە حاڵەتی نەخوازراو بتوانن کاری خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجامبدەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، (19ـی ئاداری 2024)، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بوو. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵسا، ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.

بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی لافاوەکە دوو هاووڵاتی خنکاون و تا ئێستە تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی بە دەیان کیلۆمەتر لەگەڵ خۆی بردوونی.