وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندندا دەكات

وەزارەتی پەروەردە
وەزارەتی پەروەردە

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە چەند قۆناغێك گۆڕانكاری لە پڕۆگرامەكانی خوێندندا دەكات و لە قۆناغی یەكەمدا گۆڕانكاری لە 60 كتێبدا دەكات و تا ئێستاش پڕۆسەكە بەردەوامە.

ئاریان عەبدولخالق، دیزاینەر لە بەڕێوەبەرایەتی پڕۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوو کارەکتەر بۆ دیزاینی بەرگ و پەڕی کتێبە نوێیەکان زیاد دەکرێن، هاوکات هەوڵ و ماندووبەنی زۆری ویست لەبەر ئەوەی زۆر پێویست بوو کە هەردوو کارەکتەر زۆر کوردیانە دەربکەون تا منداڵان حەزیان لێبێت.

ئەسکەندەر مستەفا، ئەندامی لیژنەی گۆڕانکاریکردن لە پڕۆگرامەکانی خوێندن دەڵێت: ئەوەی گرنگە زانستی ئێستا کوردستانییانەیە، ئێمە وا لە قوتابی دەکەین وڵاتەکەی خۆی خۆشبووێت، ژینگەپارێز بێت و فێری کارامەییەکانی ژیانیان دەکەین.

تا ئێستا زیاتر لە 60 کتێبی ناوەندەکانی خوێندن گۆڕانکاری تێدا کراوە،  وا بڕیارە تا دوو ساڵی دیكە  ئەو گۆرانکاریانە تەواوبکرێت کە لە پرۆگرامەکان دەستیپێکردووە بە ھەر سێ بەشی زانستی مرۆیی و زانستی ئەکادیمی و زانستی پیشەیی لە قۆناغی بنەرەتی تا 12ـی ئامادەیی.

لەلایەن خۆیەوە حەسەن رەقیب، بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە، بە کوردستان24ـی گوت: تا ئێستا بەس لە زمانی سۆرانی زیاتر لە 60 کتێبی ناوەندەکانی خوێندن گۆڕانکاری تێدا کراوە، لە ساڵانی داهاتوو هەموو گۆرانکارییەکان لە پڕۆگرامەکان تەواو دەکەین بە هەموو زمانەکانەوە.