په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی ئەمەریكا ساڵی رابردوو رێككەوتنی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ ژووری بازرگانی هەولێر واژۆ كردووە، بەڵێن دەدات جارێكی دیكە بە سەرۆكایەتی شاندێك بگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.

ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆكی بەشی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژووری بازرگانی ئەمەریكا رایگەیاند، كۆمپانیاكانمان ئامادەن بۆ هاوبەشی و دۆزینەوە دەرفەتەكان لە هەرێمی كوردستان و پلانەكانمان یەكانگیرن لەگەڵ ستراتیژی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات.

ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆكی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ژووری بازرگانی ئەمەریكا حوزەیرانی ساڵی رابردوو بە سەرۆكایەتی شاندێكی بازرگانی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و ئەرك و دروشمی شاندەكە لە كێڵگەوە بۆ خوان بوو، رێككەوتنی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ ژووری بازرگانی هەولێر واژۆ كرد.

مانگی رابردووش كاتێك سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی سەردانی واشنتنی كرد، ژووری بازرگانی ئەمەریكا پێشوازییان لە سەرۆكوەزیران و شاندەكەی كرد. ستیڤ لووتس لە وتاری بەخێرهاتندا ئامانجی بەشی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ژووری بازرگانی ئەمریكا خستەڕوو.

لووتس رایگەیاند: "ژووری بازرگانی ئەمەریكا گەورەترین رێكخراوی بازرگانییە لە جیهان و نوێنەرایەتی نزیكە سێ ملیۆن كۆمپانیای ئەمه‌ریكی دەكەین و ئەنجوومەنی كاری ئەمه‌ریكی - عێراقی لەژێر چەتری ژووری بازرگانی ئەمه‌ریكایە".

"ئەو بەرپرسەی ژووری بازرگانی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد: "لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق كاردەكەین بۆ هەڵگرتنی بەربەستەكانی بەردەم كاری كۆمپانیاكان و شانازی دەكەین لە چەند ساڵی رابردوو توانیومانە چەندین شاندی بازرگانی ببەینە هەرێمی كوردستان، هەروەها كۆمپانیاكانمان ئامادەن بۆ هاوبەشی و دۆزینەوە دەرفەتەكان لە هەرێمی كوردستان".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لووتس جەختیکردەوە: "پلانەكانمان یەكانگیرن لەگەڵ ستراتیژی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بۆ فرەچەشن كردنی سەرچاوەكانی داهات و پێشوازی لە پلانەكانی مەسرور بارزانی دەكەین بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار بۆ كۆمپانیاكان، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەك كۆمپانیای ئەمه‌ریكی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن.

لەبارەی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی ئەمەریكا ئاشکرایکرد: "ئێچ كەی ئێن لە بواری وزە، گەورەترین وەبەرهێنەری ئەمەریكییە لە هەرێمی كوردستان و پێپسیكۆ لە سلێمانی لە بەرهەمهێنانی پەتاتە كاردەكات، هەروەها نۆرت كارۆڵاینا زۆن و ماونتن ئێڤەگرین لە هەرێمی كوردستانن کە زۆربەی ستاف و هێزی كاریان خەڵكی كوردستانن".

هەروەها لووتس گوتیشی:"بەڵێن بە سەرۆكوەزیران دەدەین وەك ژووری بازرگانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كوردستان بەردەوامبن و بەڵێن دەدەین جارێكی دیكە و بە شاندێكی دیكەوە بگەڕێینەوە كوردستان، دەمانەوێت لە كوردستان بەدوای دەرفەتەكاندا بگەڕێین و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانمان لەگەڵ كوردستان بەهێزتر بكەین".