پێکدادانی ئەمبولانس و ئۆتۆمبێلێک قوربانیی لێ کەوتەوە

K24 - هەولێر

لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا لە باشووری کەرکووک ئەمبۆلانسێکی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی سلێمانی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێک  پێکیاندا داو  لە ئەنجامدا سێ کەس مردن، یەکێکیان ئەو نەخۆشە بووە کە بۆ چارەسەر بەرەو بەغدا دەگوازرایەوە.

بەشی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی بەخشین لە سلێمانی تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەمبۆلانسێکی نەخۆشخانەکەیان لە نزیک شارۆچکەی عوزێم لە باشووری کەرکووک لە ڕێگەی چوونی بۆ بەغدا، بە مەبەستی گواستنەوەی نەخۆشێک بۆ چارەکردنی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێک تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بوون و بەهۆیەوە سێ کەس مردوون، یەکێکیان نەخۆشەکەیە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەکە ئەو دوو کەسەی دیکەی کە مردوون سەرنشینی ئەو ئۆتۆمبێلەن کە لەگەڵ ئەمبۆلانسەکە پێکیاندا داوە.

هەروەها شۆفێری ئەمبولانسەکە و پەرستاری یاوەری نەخۆشەکەش برینداربوون و ئێستا لە نەخۆشخانەی عوزێم چارەی تەندروستیان بۆ دەکرێت.

بەشی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانە تایبەتەکە ئاماژەی دا، تیمێکی نەخۆشخانەکەیان بەرەو شارۆچکەی عوزێم بەڕێکەوتوون بۆ ئەوەی بە هانای کارمەندەکانیانەوە بچن و لە نزیکەوە ئاگاداری لێکۆڵینەوەکان بن.

نەخۆشخانەی بەخشین نەخۆشخانەیەکی کەرتی تایبەتە  لە سلێمانی و پێشتر بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە ئەمبۆلانسێکیان لە ڕێگەی سلێمانی بۆ بەغدا تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بووە و سێ کەس بوونەتە قوربانی.