دەزگای خێرخوازیی بارزانی: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ هاریکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە

عەبدولواحید ئەترووشی، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆک لە دەزگای خێرخوازی بارزانی
عەبدولواحید ئەترووشی، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆک لە دەزگای خێرخوازی بارزانی

K24 - هەولێر

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دهۆک ڕایگەیاند،  تیمەکانمان بڵاوە پێکردووە بۆ ناو بازاڕ و ئەو گەڕەکانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، تاکو بتوانین هاوکارییان بین و کارەکانیان بۆ ڕایی بکەین.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئاداری 2024، عەبدولواحید ئەترووشی، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆک لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەمان لەگەڵ ڕێکخراوی "دی ئیم سی ئاڕ"وەکردووە، بۆ ئەوەی بتوانین چۆن و لە چ ڕوویەکەوە هاریکاریی ئەو هاووڵاتییانەی شاری دهۆک لەنزیکەوە بکەن.

بەگوتەی ئەو: "کۆبوونەوەکەمان زیاتر تیشک خستنە سەر زیانەکانی هاووڵاتییانی شاری دهۆک بوو کە چەند زیانیان بەرکەوتووە و زیانەکان چین، و بەچ شێوەیەک ئێمە بتوانین هاوکاری ئەو خەڵکە بکەین کە زیانیان بەرکەوتووە".

ئەترووشی گوتیش: "پلانی ئێمە وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەناو شاری دهۆک ئێستا بڵاوەپێکردنی تیمەکانمانە بۆ ناو بازاڕ و ئەو گەڕەکانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، تاکو بتوانین هاوکارییان بین و کارەکانیان بۆ ڕایی بکەین، هەروەها ڕێککەوتنیشمان کردووە لەگەڵ شارەوانی و بەرگریی شارستانیی و لەگەڵ تیمی تەندروستی".

گوتیشی: "لای خۆشمانەوە ئەو پێداویستییە سەرەتاییانەمان بەسەر هاووڵاتییان دابەشکرد، کە لە ئێستادا پێویستییان پێیەتی وەک دۆشەک و بەتانی و بەردەوامیشین".

عەبدولواحید ڕاشیگەیاند: "ئەوەی دەزانین و دەیبینین ئاوێکی زۆر چووەتە ناو ماڵی خەڵکی، و هیچ کەلووپەلێکیان نەماوە لە جل و بەرگ، خواردن ، جێگەوبان. بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین وەکو قۆناغی یەکەم ماڵەکان خاوێن بکرێنەوە و ناوماڵ و خۆراکیان بۆ دابین بکرێت، بۆ ئەوەی ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێبکەنەوە".

هەروەها لەڕێگەی "دی ئێم سی ئاڕ"ەوە بەردەوام لە هەوڵداین لەگەڵ خەڵکی خێرخواز و ئەو ڕێکخراوانەی دیکەش کە بتوانن هاوکاری شتێکی باش بۆ ئەو هاووڵاتییانە دابین بکەین.

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بووە. بەهۆی بارانەکەوە، تا ئێستە سێ کەس خنکاون لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵساوە، ئاو چووەتە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە ڕێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخراون.

لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە کرد و داوای کرد "ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە زووترین کاتدا بکرێت".