بەرگریی شارستانیی دهۆک دوایین ئاماری زیانەکانی باران و لافاوی دوێنێی بڵاوکردەوە

دیمەنێکی لافاوەکەی دهۆک
دیمەنێکی لافاوەکەی دهۆک

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک دوایین ئاماری زیانە گیانیی و مادییەکانی لافاوەکەی دوێنێی سەنتەری شاری دهۆک و ناوچەکانی دیکەی سنووری پارێزگاکە بڵاوکردەوە و ئاماژەی داوە، سێ هاووڵاتیی مردوون.

هەر بەگوێرەی دوایین ئامارەکان کە کۆپییەکی دەست کوردستان24 کەتووە، 10 خانووی هاووڵاتییان ڕووخاون 328 هاووڵاتییش لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی پارێزگای دهۆک ڕزگارکراون کە زۆرینەیان لە سەنتەری شاری دهۆکن و تەنیا سێ کەسیان لە رووبارێکی شارەدێی مانگێش ڕزگارکراون.

هاوکات نزیکەی 500 هاووڵاتیی دیکە بۆ شوێنی سەلامەت ڕاگواستراون لە پێناو ئەوەی گیانیان لە ترسی لافاو پارێزراو بێت.

هەر لە ئامارەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک هاتووە، 25 جادە و ڕێگەی سەرەکیی زیانیان پێگەیشتووە، کە بەشێکیان بە کەڵکی هاتووچۆ نەماون، زیانیش بەر 15 دامەزراوەی میری کەوتووە و ئاویش چۆتە نێو نزیکەی 435 ماڵ و زیانیان بەرکەوتووە، کە 35 ماڵیان لە قەزای سێمێلە.

هەروەها زیان بە 200 ئۆتۆمبێل کەوتووە و ڕێژەی زیانەکانیشیان جیاوازە. هەر بە هۆی بارانە بەخووڕەکەی دوێنێ 40 مارکێت زیانی ماددیان پێگەیشتووە.

بەرگریی شارستانیی دهۆک ئاماژەی داوە جیا لەم زیانانە، لە چەند ناوچەیەکی شاخاوی تاشە بەرد و زنار هەرەسیان هێناوە و زیان بەر چەندین پردی بە یەکەوە بەستنەوەی ئاوایی و پردی پەڕینەوە گەیشتووە.