فێنێرباهچێ بیر لە کشانەوە لە خولی تورکیا دەکاتەوە

فێنێرباهچێ
فێنێرباهچێ

یانەی فێنێرباهچێی تورکی بیر لەوە دەکاتەوە لە خولی نایابی تورکیا بکشێتەوە، دوای ئەوەی یاریزانەکانی لەلایەن هاندەرانی ترابزۆن سپۆری هێرشیان کرایە سەر.

لە گەڕی 30ـی خولی نایابی تورکیا، فێنێرباهچێ لە ترابزۆن سپۆری بردەوە، ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا و لە کاتێکدا یاریزانانی فێنێرباهچێ خەریکی ئاهەنگگێڕان بوون، بەشێک لە هاندەرانی ترابزۆن سپۆر لە یاریگە هاتنەخوارەوە و هێرشیان کردە سەر یاریزانانی تیپی میوان و ئەمەش بەزوویی لە میدیاکانی جیهان بڵاوبوویەوە و کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

یانەی فێنێرباهچێ بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تیایدا هەڕەشەی ئەوەی دەکات بەهۆی ئەم ڕووداوەوە ڕەنگە لە خولی نایابی تورکیا بکشێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا هێمای بۆ ئەوە کرد: "تووندوتیژییەکانی یارییەکەی ترابزۆن و فێنێرباهچێ بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە و لە کۆمەڵگەی تۆپی پێ شوێنی نابێتەوە جا چ لە ناوەوە یان دەرەوەی یاریگەکان بێت".

ئینفانتینۆ دەشڵێت: "پێشتریش گوتومە پێویستە سەرجەم یاریزانەکان لەسەرتاسەری جیهاندا هەست بە ئاشتی و ئارامیی بکەن ".

بڕیاریشە یانەی فێنێرباهچێ لە 2ـی مانگی داهاتوو کۆببێتەوە و بڕیاری کۆتایی بدات لەسەر بەردەوام بوون یان کشانەوە لە خولی نایابی تورکیا.


بڕیارە یانەی فێنێرباهچێ لە ڕۆژی 2ـی مانگی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی لەناکاو بکات.