کاوە ئاکرەیی: دوای بەربانگ ئاگری نەورۆز لە ئاکرێ دەکرێتەوە

کاوە ئاکرێیی، سەرپەرشتیاری کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ
کاوە ئاکرێیی، سەرپەرشتیاری کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ

K24 – هەولێر:

سەرپەرشتیاری کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ رایدەگەیەنێت، بۆ نەورۆزی ئەمساڵ نزیکەی 2724 مەشخەڵی ئاگر ئامادەکراوە، هاوکات گوتیشی: نەورۆزی ئەمساڵ لە ئاکرێ لەگەڵ ساڵانی رابردوو جیاوازە، چونکە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرنەڤاڵەکەدا بەشدارە.

کاوە ئاکرەیی، سەرپەرشتیاری کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو پلانەی بۆ رێکخستنی کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ دانرابوو بە سەرکەوتوویی جیبەجێ کراوە، هەروەها جێگەی خۆشحاڵییە کە ئەمساڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرنەڤاڵی نەورۆز لێرە لەگەڵمان بەشدار دەبێت.

سەرپەرشتیاری کەرنەڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ، دەڵێت: بۆ ئەمساڵ نزیکەی 2724 مەشخەڵی ئاگر ئامادە کراوە، یەکێ لە دەستکەوتەکانی نەورۆزی ئەمساڵی ئاکرێ ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

کاوە ئاکرەیی، باسی لەوەشکرد، دوای بەربانگ ئاگری نەورۆز لە ئاکرێ دەکرێتەوە و کاتژمێر 6:50 خولەک چالاکییەکان دەستپێدەکات و کاتژمێر 8:30 کۆتایی پێدێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (20ـی ئاداری 2024)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی 2724، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانييان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم و هیوای شادی و کامەرانیان بۆ دەخوازم".

نەورۆز بۆ خەڵکی کوردستان، وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی پێ داوە، "هەمیشە هێمای سەرکەوتن و ئازادی و وەستانەوە بووە بەڕووی ستەمکار و زۆرداران و دەستپێکی ژیان و سەردەمێکی نوێیە".