ئەلینا رۆمانۆوسکی: پێویستە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەنگیان هەبێت لە دیاریکردنی ئاییندەیان

سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق
سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی ئازاد و شەفاف دووپاتکردەوە و رایگەیاندووە: پێویستە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەنگیان هەبێت لە دیاریکردنی ئاییندەیان.

ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە: لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبوومەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانیمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی ئازاد، پاک و بێگەرد، شەفاف و جێی متمانە.

رۆمانۆوسکی دووپاتیکردووەتەوە: پێویستە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەنگیان هەبێت بۆ دیاریکردنی ئاییندەیان.

رۆژی چوارشەممە (20ـی ئاداری 2024) سەرۆك بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمه‌ریكا لە عێراق کرد و لە دیدارێکدا رایگەیاند: پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و شەفافە و دەبێت هەڵبژاردن جێگەی دڵنیایی و دوور لە دەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختە بێت، هەروەها نابێت دەنگدەران لە مافی دەنگدان بێبەش بكرێن و پڕۆسەی دیموكراسی بێ بەها و یاساکانی هەرێم پێشێل بکرێن.

لەبارەی رێککەوتنی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئێستای عێراق، سەرۆک بارزانی روونیکردەوە: هیچ یەك لە خاڵە گرنگەكانی رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی جێبەجێنەكراوە و سەقامگیری و خوشگوزەرانی بۆ خەڵک و بنەماكانی شەراكەت، تەوازون و تەوافوق نەهاتوونەتە دی.

لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆک بارزانی جەختیکردەوە لە راوێژ و هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی نیگەرانییەكان.

رۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین لە پرۆسەی سیاسیدا بەردەوام بین".

سەبارەت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووریی و سیستمێکی سەپێندراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت".