منداڵانی جیهان بە بۆڵتنی تایبەت، هۆشداری لە گۆڕانی کەشوهەوا دەدەن

K24 - هەولێر

بینەرانی کەناڵەکانی تەلەفزیۆن لە سەرانسەری جیهاندا دەتوانن ڕۆژانی پێنجشەممە بینەری بۆڵتنێکی نائاسایی کەشوهەوا بن، لەکاتێکدا منداڵان لەسەر شاشەی بچووک دەردەکەون بۆ پێشبینیکردنی کەشوهەوا و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

لە "سی ئێن ئێن"ەوە تاوەکو "فرانس 2"ـی فەرەنسی، لە ڕێگەی دەیان کەناڵەوە لە سەرانسەری جیهان و بە چەندین زمانی ئیسپانی و عەرەبی و هیندی، منداڵان بەشداری لە هەوڵێکدا دەکەن، کە لەلایەن بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان "یو ئێن دی پی" و ڕێکخراوی جیهانی "دەبلیو ئێم ئۆ" بۆ کەشناسی جێبەجێ دەکرێت.

کایلی تەمەن 11 ساڵ لە یەکێک لەم بۆڵتنانەدا بە بینەرانی گوت: "من کایلیم ڕاپۆرتێکی زۆر تایبەتی کەشوهەواتان پێشکەش دەکەم، لە خوارەوە تا سەرەوە، بابەتەکە شێتانەیە لە هەموو شوێنێک". ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەمە تەنها ڕاپۆرتێکی کەشوهەوا نییە بۆ ئێمە، ئەوە داهاتوومانە".

بۆڵتنەکە لەلایەن منداڵان لە سەرتاسەری جیهانەوە بە زمانە جیاوازەکان پێشکەش کراوە، نەخشەی جیهان نیشان دەدات کە چۆن پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە.

هەروەها کەشناسی پێشبینییەکانی بۆ ساڵی 2050 دەخاتە ڕوو کە پڕە لە ئاگرکەوتنەوە و کارەساتی کەشوهەوا.

ئەم ڕێکلامە ماوەکەی خولەکێکە و زیاتر لە 80 وڵاتدا لە کەناڵە جیاوازەکان و پلاتفۆرمە ئۆنلاینەکاندا پەخش دەکرێت.

بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، پێشبینییەکانی کەشوهەوا بە زمانەکانی فەرەنسی، ئینگلیزی، ئیسپانی، عەرەبی، هیندی، سواحیلی ئەفریقی، تەنانەت تایلەندی و پورتوگالیش پەخش دەکرێن.

نیکۆلای کۆستەر فاڵداو، ئەکتەری فیلمی "گەیم ئۆف سرونز" یەکێک لە باڵیۆزە دەستپێشخەرەکان دەڵێت: "لەداهاتوودا منداڵەکانمان دەبنە پەیامنێری کەشوهەوا، کارمەندی فریاگوزاری و پسپۆڕی پزیشکی".

ڕاشیگەیاند، هەڵمەتەکە "ڕووخساری ئەو کەسانەمان پیشان دەدات کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ڕێکارەکانی کەشوهەوا هەیە".

خانمە ئەکتەر "میشێل یوه" گوتی: هەرچەندە ڕاپۆرتی کەشوهەواکانیان ئێستە خەیاڵییە، بەڵام  بۆ ئێمە گرنگە ڕێوشوێنی مانادار بگرینەبەر بۆ پاراستنی هەسارەکە لە پێناو منداڵەکانمان و نەوەکانی داهاتوودا.

سیلیست ساولۆ، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی ڕایگەیاند، بڕیارەکانی ئەمڕۆمان داهاتووی چەندین نەوەی داهاتوو لە قاڵب دەدەن، ئەم هەڵمەتە بانگەوازێکە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری بەپەلە لە پێناو مرۆڤ و هەسارەکەدا.

ئەگەری زۆر هەیە کە ساڵی 2024 پلەی گەرمی تۆمارکراوی نوێ بەخۆیەوە ببینێت، لە کاتێکدا ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی ڕایگەیاندووە کە ساڵی ڕابردوو گەرمترین ماوەی 10 ساڵەی تۆمارکراو بووە.