سیروان تۆفیق: پلانمان هەیە تاوەکو ساڵی 2030 رێژەی هاتنی گەشتیار بگەیێنینە 20 ملیۆن

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، جۆراوجۆربوونی شوێنی مانەوە و چالاکییەکانی گەشتوگوزار وادەکات گەشتیاری زیاتر بێنە هەرێمی کوردستان، پلانمان داناوە تاوەکو ساڵی 2030 ڕێژەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان بگەیێنینە 20 ملیۆن.

سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی گوت: جۆراوجۆربوونی شوێنی مانەوە و چالاکییەکانی گەشتوگوزار وادەکات گەشتیاری بێنە لە هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: چەندین هوتێلی پێنج ئەستێرە و چوار ئەستێرەمان هەیە کە گەشتیاری تایبەتییان بۆ دێت، لەگەڵ شوێنی یاری و حەوانەوە و ئەپارتمان، پلانە ستراتیژییەکەی کە لەگەشتوگوزار هەیە وادەکات ڕێژەی گەشتیار ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر بێت.

سیروان ئاماژەی بەوەشکرد، دوای دەستبەکار بوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەچوارچێوەی پلانی ستراتیژیی حکوومەت، دەستەی گەشتوگوزار هەشت خاڵی داناوە بۆ ڕاکێشانی گەشتیار و زیادکردنی گەشتیار لە هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت: بۆ ئەو مەبەستە پلانێکی ستراتیژی دانرا، کە ساڵانە چۆن بتوانین جگە لە بۆنە و یادەکان و هاوین و زستان گەشتوگوزار هەمەچەشن بکەین، هەروەها ئێمە لیژنەمان لە هەموو شارو شارۆچکە و ئیدارە سەربەخۆکان هەیە بۆ بەدواداچوونی کیشەی گەشتیاران، ئەمەش وای کردووە گەشتیار هەست بە ئاسوودەی بکات.

سیروان باسی لەوەشکرد، لە ساڵی 2007، 700 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام ساڵی 2023 زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار هاتووەنەتە هەرێمی کوردستان. هەروەها پلانمان داناوە تاوەکو ساڵی 2030 ڕێژەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان بگەیێنینە 20 ملیۆن.