گوهدار شێخۆ: لافاوەکەی زاخۆ زیانی بە نزیکەی 300 ماڵ گەیاندووە

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری  ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری  ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

K24 – هەولێر:

سەرپەرشتیاری  ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژە بەوە دەکات، زیانلێكەوتوانی لافاوەكەی دھۆك و زاخۆ قەرەبوو دەكرێنەوە، هاوکات گوتی: تەنیا لە زاخۆ زیان بەر 300 ماڵ كەوتووە و بەشێك لە خێزانەكانیش ھیچیان بۆ نەماوەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (21ـی ئاداری 2024) گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری  ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی قەرەبووی هەموو ئەو ماڵانەی زاخۆ و دهۆک دەکرێتەوە کە لە لافاوەکە زیانیان پێگەیشتووە.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەڵێت: تەنیا لە زاخۆ زیان بەر 300 ماڵ كەوتووە و بەشێك لە خێزانەكانیش ھیچیان بۆ نەماوەتەوە. گوتیشی: خۆراك و سوتەمەنیش بۆ ھەموو ئەو كەسانە دابیندەكرێت كە زیانیان بەركەوتووە.

بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، (19ـی ئاداری 2024)، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک و زاخۆ بوو. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی دهۆک و زاخۆ لافاو دروستبوو، ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.

راستەوخۆ دوای کارەساتە سرووشتییەکەش فەرماندە مەنسور بارزانی لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیانلێکەوتووانی دهۆک و زاخۆی بەسەرکردەوە و بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هاتووم بۆ ئەوەی راسپاردەی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جێبەجێ بکەم و، کەمتر لە 48 کاتژمێر سەرجەم زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە".