جێبەجێنەکردنی بنەماکانی فیدراڵی لە عێراق بووەتە هۆی پەراوێزخستنی سوننەکان

پارێزگای ئەنبار - یەکێک لە پارێزگا سوننەنشینەکان
پارێزگای ئەنبار - یەکێک لە پارێزگا سوننەنشینەکان

K24 – هەولێر:

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستمی فیدراڵی، یەکسانیبوونی ئەرک و مافە بۆ گشت نەتەوە و پێکهاتە پێکهێنەرەکانی دەوڵەتە فیدراڵییەکە، بەڵام وەک پسپۆڕان دەڵێن، ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێت تەواو پێچەوانەی بنەماکانی سیستمی فیدراڵییەتە.

لەدوای 2003ـوە پێکهاتەی شیعە لە عێراق زۆرترین و هەستیارترین جومگەکانی دەسەڵاتییان گرتووەتە دەست، پێکهاتەیەکی وەکو سوننەش کە بە درێژایی نزیکەی 70 ساڵ حوکمڕانی عێراق بوون، هەست بە پەراوێزخراوی دەکەن، وەک یەکێک لە سەرکردەیەکانییان دەڵێت، کە پێکهاتەی سوننە لە عێراقدا بە خراپترین قۆناغ تێدەپەڕێت.

مشعان جبوری، کە سەرکردەیەکی دیاری سوننەکانە، لە چاوپێکەوتنێکدا باسی لەوەکرد، ئەو سیاسییانەی حوکمڕانیی عێراق دەکەن، ستەم لە سوننە دەکەن و ئەو پێکهاتەیە پەراوێز دەخەن، ناوبراو هۆکاری ئەو پەراوێزخستن و ستەمکردنە لە سوننەکان لەلایەن حکومەتەکانی عێراقی دوای 2003 بۆ پاشکۆبوونی بڕیاربەدەستانی دەوڵەت بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەگەڕێنێتەوە.

له‌لایه‌كی دیكەوە،‌ ناوەندی کارنیگی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، سیاسەتەکانی حکومەتی نوری مالیکی بە چڕی کارکردن بووە لەسەر دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی سوننەکان لە جومگەکانی دەوڵەت و پرۆسەی سیاسیدا، دواتریش هیچکام لە کابینەکانی دوای مالیکی شتێکی جیاوازتریان پێشکەشنەکردووە و ئەمەش سوننەکانی زیاتر بێهیوا کردووە.

به‌بڕوای چاودێرانی سیاسی، نەبوونی ناسنامەیەکی یەکگرتوو کە سەرکردایەتی بزووتنەوەی سوننە بکات، ئەمەش وادەکات سوننەکانی عێراق پەیوەندی بە دەوڵەتەوە بکەن و خۆیان لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخدا بگونجێنن.

لەدوای دوورخستنەوەی حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لێکترازان لە ماڵی سوننەکان زیاتر رەنگیدایەوە و تاوەکو ئێستا لەسەر دانانی جێگرەوەی حەلبووسی رێکنەکەوتوون، بەشێوەیەک تەنیا لە پەرلەمانی عێراق، سوننەکان خاوەنی چەند فراکسیۆنێکن لەوانە، تەقەدووم، سیادە، حەزم، عەزم و سەدارە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سوننەکان خەون بە دروستکردنی هەرێمی فیدراڵییەوە دەبینن، بەڵام بەهەموو شێوەیەک لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە دژایەتی دەکرێن، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە (18ـی شوباتی 2024) فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، دروستکردنی هەرێمی دیکە لە عێراق قبوڵناکەن، چونکە یەکپارچەیی خاکی وڵات دەخاتە مەترسییەوە.