مالیكی: هیچ هێزێکی سیاسی بیر لە پەراوێزخستنی کورد ناکاتەوه‌

نووری مالیكی
نووری مالیكی

K24 - هەولێر:

نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیەنێت، پێویستە یاسای نەوت و غاز لە عێراق دەربچێت تا مافەکان دابەش بکرێن و کۆتایی بەو ناکۆکییانە بهێندرێت ساڵانە لە بودجەدا دووبارە دەبنەوە.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا نووری مالیکی جەختی لەوەشکردەوە، پابەندبوون بە دەستوور گرەنتی پێدانی ماف بە خاوەن ماف لە عێراق دەکات، نە حکوومەت نە هیچ هێزێکی سیاسی بیر لە پەراوێزخستنی کورد و وشکردنی سەرچاوەی داهاتەکەی ناکاتەوە.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتیشی، دەستدرێژییەکان بۆسەر سەروەری عێراق، بەشێک لە هۆکارەکەی رژێمی لەناوچووی عێراقە.

مالیکی ئاماژەی بەوەشدا، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق رەت ناکەنەوە، ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، بەشداری تێدا دەکەن، بەڵام سیستەمی فرە بازنەیی رەتدەکەنەوە چونکە لەگەڵ هاوسەنگیی پێکهاتەی دانیشتووانی عێراق یەکناگرێتەوە.

گوتیشی: "کێشه‌كانی نێوان هەرێم و بەغدا بەم نزیکانە چارەسەر دەبن".

ناكۆكییه‌ سیاسیی، ئیداری و ئابوورییه‌كانی نێوان به‌غدا و تاكو ئێستا هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌ و حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانی عێراق به‌رده‌وام هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێگه‌ی ئه‌و كێشانه‌وه‌، پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان لاواز بكه‌ن.

به‌غدا، مووچه‌ و بودجه‌ وه‌ك كارتێكی فشار دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كار ده‌هێنێت، هه‌رێمی كوردستانیش به‌رده‌وام پابه‌ندییه‌كانی خۆی به‌ ده‌ستوور و یاساكان دووپاتكردووه‌ته‌وه‌.