دی لا فیونتێ راهێنەری ئیسپانیا: ئەم یاریزانانە دەتوانن نازناوی گەورە ببەنەوە

پاو كۆبارسی و یامین لامال دوو یاریزانی لاوی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا
پاو كۆبارسی و یامین لامال دوو یاریزانی لاوی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا

هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یارییەکی دۆستانە و ئامادەکاری رووبەڕووی کۆلۆمبیا دەبێتەوە، راهێنەری ئیسپانیا ئەو یارییە زۆر بە قورس وەسف دەكات، دەشڵێت: هیچ یاریزانێك ناتوانێت لەسەر هەمان ستایل و ئاستی گاڤی یاریی بكات.
لە بەردەوامی یارییە دۆستانەکان، ئەمشەو کاتژمێر 23:30 بە کاتی هەولێر، هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یەکەم یاریی خۆی لە ساڵی 2024 رووبەڕووی هەڵبژاردەی کۆلۆمبیا دەبێتەوە. لارۆخا دوای ئەم یارییە، رۆژی 26ـی ئەم مانگە، لە دووەم یاریی دۆستانە، رووبەڕووی هەڵبژاردەی بەڕازیل دەبێتەوە و پاشان ئامادەکاری بۆ یۆرۆی 2024 دەکات.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە یۆرۆی 2024 و لە کۆمەڵەی دووەم، رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی کڕواتیا و ئیتاڵیا و ئەڵبانیا دەبێتەوە، یەکەم یاریشیان بەرامبەر هەڵبژاردەی کڕواتیا دەبێت.
لویس دی لا فیونتێ راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پێیوایە ئەو پێكهاتەیەی ئێستای ماتادۆرەكان دەتوانن نازناو ببەنەوە، دەشڵێت: ئەم دوو یارییەمان بەرامبەر كۆلۆمبیا و بەرازیل هەستی بڕوابەخۆبوون لای یاریزانەكانم زیاد دەكات.
دی لا فیونتێ لە بەرسیڤێكی رۆژنامەنووساندا ڕەتی كردەوە لەبارەی یارییەكەی بەرازیل وەڵام بداتەوە، دەشڵێت: ئێمە جارێ رووبەڕووی كۆلۆمبیا دەبینەوە، ئەم هەڵبژاردەیە خاوەنی چەندان یاریزانی ئەستێرە و بەهرەمەندی گەورەیە، 17 یارییە نەدۆڕاوە، یارییەكی زۆر چێژ بەخش دەبێت، بێگومان ئەم دوو یارییە دۆستانەمان لەسەریەك هەستی بڕوابەخۆبوون لە ناخی یاریزانەكانم زیاد دەكات و لاوەكانیشم زیاتر هەست بە گەشە و پێگەیشتووی خۆیان دەكەن.
راهێنەری ماتادۆرەكان گوتیشی: راستە هیچ یاریزانێك ناتوانێت لەسەر هەمان ستایل و ئاستی گاڤی یارییم بكات كە ئێستا بەهۆی پێكانەوە دابڕاوە، بەڵام دڵخۆشم یاریزانی زۆر جیاواز و ناوازەی دیكەمان هەیە، كاتێك (پاو كۆبارسی) لە مەشقەكان دەبینم واهەست دەكەیت ئەو یاریزانێكی زۆر دێرین و ئەزمووندارە، تەنانەت لە مەشقەكان زۆر بە ئەستەم تەنانەت یەك پاسیش بە هەڵەنادات.
دی لا فیونتێ جەختی لەوەش كردەوە لای ئەو لالیگا لە باشترین خولەكانی جیهانە، گەیشتنی 3 یانەی ئیسپانیا بۆ قۆناغی چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ بەڵگەی بەهێزی خولی ئیسپانیایە.
راهێنەرەكەی ئیسپانیا دەشڵێت: ئێمە ئامادەكاری دەكەین بۆ یۆرۆی 2024، متمانەم بەم یاریزانانە هەیە نازناو ببەنەوە، بەڵام لەبارەی جامی جیهانی 2030 لە ئیسپانیا، پێموا نییە ئەمە رووبدات و من تا 2030 لە راهێنەرایەتی ئیسپانیا بمێنمەوە.

لویس دی لا فیونتێ راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا
لویس دی لا فیونتێ راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا