فینلاندییەکان دڵخۆشترینن و عێراقییەکان لە پلەی 92ـەمینی دڵخۆشەکانی جیهانن

ژمارەیەک گەنجی فینلاندی - وێنە: AFP
ژمارەیەک گەنجی فینلاندی - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

لە نوێترین راپۆرتی دڵخۆشترین وڵاتانی جیهاندا، فینلاند لە پلەی یەکەمدا هاتووە و ئەفغانستانیش لە دوایین پلەی ریزبەندییەکەدایە، عێراقیش لە پلەی 92ـەمیندایە.

دڵخۆشبوون یەکێکە لەو هەستانەی لە وڵاتانی سەقامگیر و پێشکەوتوو بەدیدەکرێت، بەگوێرەی راپۆرتی دڵخۆشی جیهانی کە لەلایەن دامەزراوەی گالوپ، ناوەندی توێژینەوەی خۆشگوزەرانی زانکۆی ئۆکسفۆر و نەتەوەتەیەکگرتووەکانەوە ئامادەکراوە، شەش پێوەر بۆ دەستنیشانکردنی رێژەی دڵخۆشی لە وڵاتێک بەکاردەهێندرێن، ئەوانیش بریتین لە داهات، پشتیوانی کۆمەڵایەتی، ژیانی تەندروست، ئازادی لە هەڵبژاردنی بژاردەکان، بەخشندەیی و نەبوونی گەندەڵی.

بەگوێرەی راپۆرتەکە بۆ ساڵی 2024، کە 143 وڵات لەخۆدەگرێت، لەرووی دڵخۆشییەوە فینلاند لە پلەی یەکەمی جیهاندایە، دانیمارک لە پلەی دووەمدایە، ئایسلاندیش لە پلەی سێیەمدایە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو وڵاتانی لە 10 پلەکانی یەکەمدان، هەشتیان وڵاتانی ئەوروپین، لە ریزبەندی 10 وڵاتی یەکەم ئیسرائیل لە پلەی پێنجەمدایە و دڵخۆشترین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، و ئوسترالیا لە پلەی دەیەمی جیهاندایە و دڵخۆشترین وڵاتی زەریای هێمنە.

ئۆکرانیا لە وڵاتانی کیشووری ئەوروپا نزمترین پلەی تۆمارکردووە و لە پلەی 105ـەمینی جیهاندایە.

عێراقیش لە پلەی 92ـەمینی جیهاندایە، رێژەی دڵخۆشی لە وڵاتە بەراورد بە هەریەکە لە کۆلۆمبیا، ڤەنزوێلا، کۆنگۆ و مۆزەمبیق کەمترە.

هەروەها تورکیا لە ریزبەندییەکە لە پلەی 98ـەمیندایە، ئێرانیش لە پلەی 100ـەمیندادێت.

لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دڵخۆشی لە لوبنان لە نزمترین ئاستدایە و لە پلەی 142ـەمین وڵاتی جیهاندایە.

ئەفغانستان نزمترین ئاستی دڵخۆشی تێیدا تۆمارکراوە لە جیهاندا و پلەی 143ـەمیندایە.