ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێک بە دزیکردن لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو دەستگیر دەکات

دەستگیرکراوەکە لە ئاسایشی هەولێر
دەستگیرکراوەکە لە ئاسایشی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێک بەهۆی دزیکردن دەستگیر دەکات کە دیواری ماڵێکی بڕیوە بۆ گەیشتن بە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو، کە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.

ئاسایشی هەولێر بڵاویکردەوە: ‎لە (8ـی ئاداری 2024) تاوانێکی دزیکردن ئەنجامدرابوو لە نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو لە قەزای عەنکاوە، دەستبەجێ لەلایەن تیمەکانمانەوە بەدواداچوون ئەنجامدرا، لە لێکۆڵینەوەکان بۆمان دەرکەوت ئەم تۆمەتبارانە لەکاتی ئەنجامدانی ئەم تاوانەدا؛ بە سوودوەرگرتن لە خانوویەکی تەنيشت نووسینگەكەوە، کە ئەم خانووە چۆڵ و  تەواونەكراوه، تۆمەتبارەکان لە درەنگانی شەودا هەڵساون بە شکاندن و کونکردنی دیواری نێوان خانووەکە و نووسینگەکە، بەوشێوەیە چوونەتە ناو نووسینگەکە و پاشان تاوانی دزیکردنەکەیان ئەنجامداوە.

ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: دوای گەیشتن بە سەرەداوی رووداوەکە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەناوی (ع. ح. ع.)ـمان دەستگیرکرد و بەدواداچوونیش بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکانی دیکە.

ئالان زەندی بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە و لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و ساتی رووداوی تاوانەکەش لە کامێراکانی چاودێری تۆمارکراوە، کە سۆشیال میدیا کوردستان24 بڵاویکردووەتەوە.