هەرێم جەمال: بەشێکی زۆری مامۆستایانی سنووری سلێمانی لەگەڵ پڕۆژەی هەژماری منن

هەرێم جەمال، شارەزای بواری پەروەردە
هەرێم جەمال، شارەزای بواری پەروەردە

K24 – هەولێر:

شارەزایەکی بواری پەروەردە ئاماژە بەوە دەکات، بەشێک لەو مامۆستایانەی کە دژی پڕۆژەی هەژماری منن، کاندیدن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

هەرێم جەمال، شارەزای بواری پەروەردە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەوەی ئێستا لە پڕۆسەی پەروەردە روودەدات بەڕاستی کارەساتبارە، چونکە گرووپێک بە ناوی مامۆستایانی ناڕازی کە ئەندامانی حزبە سیاسییەکانی تێیدایە دەستیان لە پشت دەدرێت و ئەجێندای وڵاتێک جیبەجێ دەکەن".

ئەو شارەزایەی بواری پەروەردە، دەڵێت: بەشێک لەو مامۆستایانەی کە دژی پڕۆژەی هەژماری منن، کاندیدن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرجەمیان دژایەتیان بۆ پڕۆژەی هەژماری بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن.

هەرێم جەمال، ئاماژەی بەوەدا، "بەشێکی زۆری مامۆستایانی سنووری سلێمانی لەگەڵ پڕۆژەی هەژماری منن، هەروەها لایەنێکی سیاسی لە سلێمانی مامۆستایانی ناڕازی کردووەتە مەقاشی دەستی خۆی، ئەو لایەنەش بە رۆژ لە حکومەتە بە شەو ئۆپۆزیسیۆنە".

ئەو شارەزایەی بواری پەروەردە، گوتی: "بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی ئەجێندای دوژمنانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەن و، ئەوانەی ئەو کارە دەکەن نوێنەری تەواوی مامۆستایان ناکەن، بەڵکو تەنیا گوزارشت لە رای خۆیان دەکەن کە دەیانەوێت وانەی جاشێتی بە قوتابییان بڵێنەوە".