دۆسیەی راگری کۆلیژێک لە عێراق؛ بابەتی دەستدرێژی بۆسەر کچانی زانکۆ نوێدەکاتەوە

وێنەی تۆمەتبار لە نووسینگەکەی کە راگری کۆلیژە لە زانکۆی بەسرە
وێنەی تۆمەتبار لە نووسینگەکەی کە راگری کۆلیژە لە زانکۆی بەسرە

K24 – هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی نەشیاوی راگری کۆلیژی زانکۆیەکی عێراقی کە لە نووسینگەکەی خۆیدا، دەستدرێژی دەکاتە سەریان، جارێکی دیکە دۆسیەی گێچەڵی سێکسی بە کچانی زانکۆ لە عێراق دەبێتە مژاری میدیا و ناوەندە ئەکادیمی و پەروەردەییەکان.

لە چەند رۆژی رابردوودا، بڵاوبوونەوەی وێنەی نەشیاوەی راگری کۆلیژێکی زانکۆی بەسرە لەگەڵ کچە خوێندکارێکی زانکۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ناڕەزایەتی زۆریشی لێکەوتەوە و بەشێک لە چالاکوانان ئاماژە بەوەدەکەن، چەندین دۆسیەی دیکەش هەیە تاوەکو ئێستا ئاشکرانەکراوە و دامەزراوە ئەکادیمییەکانیش رێوشوێنی پێویستیان نەگرتووەبەر.

بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان وێنە نەشیاوەکانی پرۆفیسیۆر دکتۆر عیماد ئەلشاوی، راگری کۆلیکی کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای زانیاییەکان لە زانکۆی بەسرە بڵاودەکەنەوە، ئاماژەیان بەوەکردووە: ئەو راگرە دەسەڵات و پلە و پۆستەکەی قۆستۆتەوە بۆ گێچەڵی سێکسی بە کچە خوێندکارەکانی زانکۆکەی.

عیماد ئەلشاوی، تەمەنی 48 ساڵە و لە ساڵی 2006ـەوە لە کاری ئەکادیمی دەکات و پلەی زانستی پرۆفیسۆرە کە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە زیرەکی دەستکرد و لە وڵاتی چینیش دکتۆرای لە تۆڕەکانی کۆمپیوتەر بەدەستهێناوە و ساڵی رابردووش وەک راگری کۆلیژ لە زانکۆی بەسرە دەستبەکاربووە.

لەلایەن خۆیەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی فیدراڵ بە فەرمانێک لادانی عیماد ئەلشاوی لە پۆستەکەی بەشێوەیەکی کاتی راگەیاند بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە بڵاوبوونەوەی ئەو وێنە نەشیاوانەی لە نووسینگەکەی بڵاوبوونەوەتەوە و دواتریش بە فەرمانێکی دادوەری ناوبرا دەستگیرکرا و فشارەکان لەسەر بەسزاگەیاندنی ئەو راگرەی زانکۆی بەسرە تادێت بەرفراوانتر دەبێت.

چالاکوانانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو وێنانەی بڵاوبوونەتەوە لەو کامێرایەی نووسینگەی عیماد ئەلشاوی تۆمارکراون کە بۆ گێچەڵی سێکسی و فشارکردنە سەر کچە خوێندکارەکان دایناوە و دوای تۆمارکردنی گرتەی پێکەوەبوونەکانیان، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی کردووە ئەگەر بەردەوام بەدەم داواکارییەکانییەوە نەچن.

رەخنەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەر بەوەوە نەوەستاوە، هاوکات باسیان لەوەشکردووە، بەهۆی پشتیوانی لایەنێکی شیعی لەو راگرەی زانکۆی بەسرە کە پێشتر خەڵاتکراوە و وێنەی رێزلێنانی بڵاوکردووەتەوە، بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی بە لایەنگری گەیشتووەتە ئەو پلە زانستی و کارگێرییە و گومانیش دەکرێت ئەگەر بێدەنگی لەو دۆسیەیە بکرێت، رووبەڕووی هیچ سزایەک نەبێتەوە.

لە بەدواداچوونی بەشێک لە میدیا عێراقییەکان، بەشێک لە خوێندکارە کچەکانی زانکۆی بەسرە ئاشکرایان کردووە، ئەو کچەی لە وێنەکان لەگەڵ راگرەی کۆلیژەکە دەرکەوتووە، لەگەڵ چەندین کچی دیکەش رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی و فشار بوونەتەوە بۆ ئەوەی نمرەی پێویست بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆیی بەدەستبهێنن و باس لەوەشکراوە، کە ئەو دیاردەیە لە زۆربەی زانکۆ عێراقییەکاندا بوونی هەیە بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق هیچ کاردانەوەیەکی جددی نەگرتووەتەبەر.

گێچەڵی سێکسی بە کچان لە عێراقدا، دۆسیەیەکی فراوان و لەمێژینەیە کە بەهۆی خراپی بارودۆخی دارایی و بوونی گەندەڵی زۆر، بەشێک لە بەرپرسان لە دامودەزگا جیاوازەکان لە هەردوو کەتی حکومی و تایبەت بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانیان، پۆست و دەسەڵاتەکانیان ئیستغلال دەکەن

لە ساڵی 2022، راپۆرتێکی روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد، حاڵەتەکانی گێچەڵی سێکسی لە نەخۆشخانەکان، زانکۆکان و دەزگاکانی راگەیاندن گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە ئافرەتان ناچاردەکرێن بەرامبەر بە سێکس، چارەسەری پزیشکی، بڕوانامە و هەلی کارکردن بەدەستبهێنن.