گوتهبێژی بهرگری شارستانی دهۆك: بەهۆی لافاوەوە 1240 خانوو زیانیان بەرکەوتووە
K24 – هەولێر:
گوتهبێژی بهرگری شارستانی دهۆك، رایدەگەیەنێت؛ سەرجەم زیانلێکەوتووانی لافاوەکە قەرەبوو دەکرێنەوە، هاوکات گوتیشی: بە فەرمانی سەرۆک بارزانی وەک قۆناغی یەکەم لە قەرەبووکردنەوە 117 شووقە بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەش کرا.
بێوار عهبدولعهزیز، گوتهبێژی بهرگری شارستانی دهۆك، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، لە لافاوەکەی دهۆک 1240 خانوو زیانیان بەرکەوتووە، 17 خانووش بە تەواوی وێران بووە، هەروەها زیان بە 40 مارکێتیش گەیشتووە.
گوتهبێژی بهرگری شارستانی دهۆك، راشیگەیاند، زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێل بەهۆی لافاوەکەی دهۆک زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها 50 ئۆتۆمبێلیش بە تەواوی لەکارکەوتوون و بە کەڵکی چاککردنەوە نایەن، هەروەها 13 هاووڵاتی برینداربوونە و سێ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بێوار عهبدولعهزیز، ئاماژەی بەوەدا، 50 کەسیش لە تیمەکانی بەرگری شارستانی بە دوای تەرمەکان گەڕاون، بەڵام تا ئێستا تەرمەکان نەدۆزراونەتەوە، سبەی بەیانی دیسان تیمەکان بە دوای تەرمەکان دەگەڕێن.
گوتهبێژی بهرگری شارستانی دهۆك، دەڵێت: سەرجەم زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە هەروەکو چۆن فەرماندە مەنسور بارزانی بەڵێنی داوە، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی وەک قۆناغی یەکەم لە قەرەبووکردنەوە 117 شووقە بەسەر زیانلێکەوتووان دابەشکرا .
بێوار عهبدولعهزیز، گوتیشی: تیمەکان بەرگری شارستانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هەر لافاوێك رووبدات با هاووڵاتییان پەیوەندی بە ژمارە 115ـی بەرگری شارستانی بکەن بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێت.
بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، (19ـی ئاداری 2024)، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک و زاخۆ بوو. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو دروستبوو، ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.