کەشناسی عێراق هۆشداری دەدات لە بارینی تەزرە

کەشوهەوا
کەشوهەوا

K24 - هەولێر

دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینی شەپۆلێکی نوێی بارانبارینی ڕاگەیاند، کە لە ئەمڕۆ شەممەوە دەستپێدەکات، لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی دابەزینی پلەکانی گەرما، هەروەها هۆشداریش دەدات لە بارینی تەزرە.

دەستەی کەشناسی عێراق لە پێشبینییەکانیدا بۆ کەشوهەوا ڕایگەیاند، "لە ڕۆژی شەممەوە بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما و کاریگەری پاڵەپەستۆکان لە دەریای سوورەوە کاریگەری لەسەر کەشوهەوا دەبێت، کە بەم شێوەیەیە،

ئەمڕۆ شەممە، 23-3-2024، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارانبارینی سووک و هەورەتریشقە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات، لە ناوچەکانی باکوور هەور دەبێت لەگەڵ بارینی مامناوەند و بەخوڕ و هەورەتریشقە، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە و ئاستی بینین لە نێوان (6-8). کیلۆمەتر دەبێت".

ڕۆژی یەکشەممە 24-3-2024، لە ناوچەکانی ناوەڕاست بە بەغداشەوە و ناوچەکانی باشوور نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی باران لە بەیانیاندا بە پچڕ پچڕ، لەگەڵ هەورەتریشقە و بارینی تەزرە، کە بەردەوام دەبێت تا شەو، هەروەها هۆشداری دەدرێت لە مەترسی دروستبوونی لافاو لە هەندێک ناوچەی (واست عەزیزیە، دیالە).

ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە ناوچەکانی کوردستان، کەشوهەوا نیمچە هەور دەبێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ بارانبارینی مامناوەند بۆ بەخوڕ و ڕوودانی هەورەتریشقە لە بەشەکانی ڕۆژهەڵات، هەروەها لە (سلێمانی و کەرکووک) چڕتر دەبێتەوە، پلەکانی گەرما بە بەراورد بە ڕۆژی پێشوو چەند پلەیەک دادەبەزێت.

دەستەکە پێشبینی دەکات ڕۆژی دووشەممە، 25-3-2024، کەش و هەوا لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و سەر سنوور، نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارانبارینی سوک بۆ مامناوەند و هەورەتریشقە، بەڵام کەشوهەوا وردە وردە لە نیوەڕۆدا باشتر بێت، لەگەڵ پلەکانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژی پێشوو دەبێت.