مەشخەڵ کەوڵۆسی: ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق دەیکەن جینۆسایدی سپییە

K24 - هەولێر

چاودێرێکی سیاسی ڕایدەگەیێنێت، دەبێت ئێمە وشیار بین بەرانبەر ئەو پلانگێریانەی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، هەڵەیەکی ستراتیژییە تۆ بێی دەستمایەکەت بکەیە قوربانی ئەوەی کە تەنها حکومەتەکەت شکست بهێنێت.

مەشخەڵ کەوڵۆسی، چاودێری سیاسی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەبێت ئێمە وشیار بین بەرانبەر ئەو پلانگێریانەی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، دیارە هەرێمی کوردستان بەخششی هیچ هێزێکی داگیرکەر نییە بە کورد درابێت.

کەوڵۆسی ئاماژەی بەوەشکرد، 60 ساڵ بەر لەوەی هەرێمی کوردستان دروست ببێت خەڵک لە سلێمانی ڕاپەڕیووە و خەباتی کردووە و قوربانی داوە، بۆیە هەر حزبێکی سیاسی یان سەرکردەیەکی سیاسی خۆی بێ ئاگا بکات لەپێناوی بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی یان هەوڵی ڕوخاندنی حکومەت بدات، نابێت ئێمە ڕێگەی پێبدەین. لەبەرئەوە من ئەو جۆرە گوتارە سیاسیانە و یان گوتاری ئۆپۆزسیۆن دژی حکومەت بە شتێکی منداڵانەی ئەزانم.

ئەو چاودێرە سیاسیە جەختیشی کردەوە، "هەڵەیەکی ستراتیژییە تۆ بێی دەستمایەکەت بکەیە قوربانی ئەوەی کە تەنها حکومەتەکەت شکست بهێنێت، ئێستا ئێمە بەهۆی ئەو قەوارەوە هەستەکەین کە هەین".

ڕاشیگەیاند، عێراق وەکو دۆڕاوی جەنگ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، هەروەها دەبێت خۆمان پێناسەی دۆزەکەی خۆمان بەرانبەر بە عێراق بکەین، عێراق دەوڵەتێکی داگیرکەرە لە خاکی کوردستان، دەشڵێت: دەسەڵاتدارانی عێراق زۆر خراپتر لەسەردەمەکانی پێشووی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆ نموونە، سەدام حوسێن بەو دیکتاتۆریەتەی کە هەیبوو و چووەتە زبڵدانی مێژوو، هەرگیز بیری لە بڕینی قوتی خەڵک نەکردووەتەوە، هەتاوەکو دوای کۆڕەوەکەش خەڵک دەچوون لەکەرکووک مووچەی خۆیان وەردەگرت.

گوتیشی: ئەوەی سەدام دەیکرد جینۆسایدی سوور بوو، بەڵام ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق دەیکەن جینۆسایدی سپییە، بۆیە ئەبێت ئێمە وشیار بین نابێت لە دژی پارتی هەموو بەهاکانی خۆمان بدەین بە عێراق.