زاخارۆڤا: دەزانین ئەو خوێنڕێژانە لە کوێ پلانی هێرشەکەیان داناوە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئۆکرانیا لە ماوەی 10 ساڵدا، لەسەر دەستی ڕۆژئاوا، بووەتە ناوەندێک بۆ بڵاوبوونەوەی تیرۆر.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە کەناڵی تێلێگرام ڕایگەیاند، ئەو تیرۆریستانەی دوێنێ هەینی هێرشیان کردە سەر سەنتەری بازرگانی کرۆکوس لە شاری کراسنۆگۆرسک لە مۆسکۆ، دوای ئەنجامدانی تاوانەکە هەوڵیانداوە بەرەو ئۆکرانیا هەڵبێن.

زاخارۆڤا دەشڵێت: ئێستا دەزانین ئەم خوێنڕێژانە لە کام وڵات پلانیان دانابوو وە دواتر هەوڵی خۆ دزینەوەیان داوە تاوەکو بپەڕنەوە ئۆکرانیا، هەمان ئەو وڵاتە کە لەسەر دەستی لیبراڵەکانی ڕۆژئاوا، لە ماوەی 10 ساڵدا بووە بە ناوەندێکی بڵاوبوونەوەی تیرۆر لە ئەوروپا.

پێشتریش دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی کرۆکوس، تاوانباران بەنیازی بەزاندنی سنووری نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بوون، هەروەها پەیوەندییان بە لایەنی ئۆکرانیاوە کردووە.

ئێوارەی دوێنێ هەینی، کۆمەڵێک چەکدار هەڵیانکوتایە سەر سەنتەری بازرگانی کرۆکوس لە شاری کراسنۆگۆرسک لە مۆسکۆ، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەستیان بە تەقەکردن لە هاووڵاتیان کرد، بەپێی دوایین داتاکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، ڕووداوەکە بووەتە هۆی کوژرانی 115 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەسی دیکە.