پارێزگاری مۆسکۆ: گەڕان بە دوای قوربانییەکان چەند رۆژێک دەخایەنێت

کوژراوانی هێرشەکەی مۆسکۆ گەیشتە 143 کەس
گەڕان بەدوای قوربانیان لە هۆڵی ئاهەنگێڕانی ناوەندی بازرگانی کڕۆکوس – وێنە AFP
گەڕان بەدوای قوربانیان لە هۆڵی ئاهەنگێڕانی ناوەندی بازرگانی کڕۆکوس – وێنە AFP

K24 – هەولێر

ئەندری فورۆبیۆڤ، پارێزگاری مۆسکۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، گەڕان بە نێو پاشماوەکانی هۆڵی ئاهەنگەکە بۆ دۆزینەوەی قوربانیان چەند رۆژێک دەخایەنێت.

فورۆبیۆڤ ئاماژەیداوە، تیمەکانی لێکۆڵینەوە و گەڕان بە دوای قوربانییەکان 24 کاتژمێرە لە 24 شوێنەوە بەردەوامن و توانیویان 20 تەرمی دیکە لە ژێر پاشماوەکانی هۆڵەکەدا بدۆزنەوە، هەر بۆیە پێشبنی دەکرێت پرۆسەی گەڕانەکە چەند رۆژێک بخایەنێت.

پێشتر لیژنەی لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەی مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو، ژمارەی کوژرانی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر ناوەندی بازرگانی کڕۆکۆس گەیشتووەتە 143 کەس، بەڵام تەنیا توانیویانە ناسنامەی 41 کەس بناسنەوە.

راشیگەیاندبوو، ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەکەش هەیە. هەروەها زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی (22ی ئاداری 2024) ژمارەیەک چەکداری داعش هێرشیانکردە سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە شاری کڕاسنۆگۆرسکی نزیک مۆسکۆی پایتەخت و دوای هێرشەکەش باڵەخانەكه‌یان سووتاند.