سالم دۆسکی: حکومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی پێشکەشی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان نەکردووە

سالم دۆسکی، بەڕێوەبەری بەشی بەڕێوەبردنی کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک
سالم دۆسکی، بەڕێوەبەری بەشی بەڕێوەبردنی کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری بەشی بەڕێوەبردنی کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک دەڵێت، حکومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی پێشکەشی ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نەکردووە. دەشڵێت، "ئاوارەکان ناگەڕێنەوە ناوچەکانیان، چونکە هەست بە ئارامی ناکەن".

ئەمڕۆ شەممە، 23-03-2024، سالم دۆسکی، بەڕێوەبەری بەشی بەڕێوەبردنی کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کە دانیشتووی شنگال و دەوروبەرین؛ نایانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، چونکە هەست بە ئارامی ناکەن و ناوچەکانیان لەڕووی ئەمنییەوە سەقامگیر نین. ئەمەش هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەیانە".

سالم دۆسکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "هۆکارێکی دیکە کە وای لە ئاوارەکان کردووە نەگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانیان؛ نەبوونی خزمەتگوزارییەکانی رۆژانەیە لە سەنتەری شنگال و ئەو گوند و ناحیانەی دەکەونە ئەو سنوورە".

وەکو ئەوەی سالم دۆسکی  باسی کرد، "حکومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی پێشکەشی ئاوارەکانی دانیشتووی کەمپەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نەکردووە و، تێچووی هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی رۆژانە بۆ ئاوارەکان دابین دەکرێت، لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کرودستانە".

900 هەزار و 467 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان دەژین کە لەو ژمارەیەیاندا 631 هەزار و 174 ئاوارەی ناوخۆیی (عێراقین) و 269 هەزار و 293 پەنابەرن.

زۆرترین پەنابەرانی هەرێمی کوردستان هاووڵاتی سووریان کە ژمارەیان دەگاتە 251 هەزار و 475 کەسن، لە دوای ئەوانیش پەنابەرانی وڵاتی ئێران دێن کە ژمارەیان هەشت هەزار و 357 کەسن و پەنابەرانی وڵاتی تورکیاش لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە حەوت هەزار و 796 کەس، لەگەڵ بوونی 652 پەنابەری فەڵەستینی و هەزار و 13 پەنابەری وڵاتانی دیکەی جیهان.

هەر بەگوێرەی ئامارەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، لە کۆی گشتی پەنابەران و ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان 30%ـیان لە نێو کەمپەکان دەژین و 70%ـشیان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، کە نزیکەی 110 هەزار خێزانی عێراقیش لەو ژمارەیەدا ئاوارەی هەرێمی کوردستانن.

هاوکات لە هەرێمی کوردستان 33 کەمپ هەیە، کە پەنابەر و ئاوارەکان تێیدا دەژین و بەشێوەیەک رێژەی 41%ـی پەنابەر و ئاوارەیان لە پارێزگای هەولێرن، لە %40 لە پارێزگای دهۆک و لە %19 لە پارێزگای سلێمانین.

تێچووی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە بۆ هەر کەسێک 2,3 دۆلارە، کە بەرامبەر بە نزیکەی ملیۆنێک کەس و بۆ ساڵێک، دەگاتە 842,000,000 ملیۆن دۆلار.