نهێنی زیرەكی و سەركەوتنی چەپانەکان لە لێدانی سزا

لیۆنێل مێسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لە كاتی جێبەجێكردنی لێدانی پێناڵتی
لیۆنێل مێسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا لە كاتی جێبەجێكردنی لێدانی پێناڵتی

لە وەرزەکانی رابردوو رێژەی گۆڵکردن بە لێدانی سزا لە خولە گەورەکانی ئەوروپا دەگەیشتە نزیکە لە 78%، بەڵام تەنیا لەم وەرزەی پرێمەرلیگ رێژەکە بۆ 92% بەرز بووەتەوە، لە مانگی دیسێمبەری رابردوو، رۆبێرت سانچێز گۆڵپارێزی چێڵسی لێدانێکی سزای برونۆ فێرناندێزی گەڕاندەوە، کە ئەم یاریزانە پۆرتوگالییە لەوەتەی مانگی مایۆی 2021 هیچ لێدانێکی سزای لەدەست نەدابوو، توانیبووی 32 لێدانی سزای لەسەریەک گۆڵ بکات.

ژمارەی ئەو یاریزانانەی بە قاچی چەپ لێدانی سزا جێبەجێ دەکەن بەردەوام لە زیادبووندایە، لە نێوان 48 لێدانی سزا کە لەم وەرزەی پرێمەرلیگ گیراوە، 23 لێدانی سزا بە قاچی چەپ جێبەجێکراوە، ئەمەش ریکۆردە و گەورەترین ژمارەیە بەراورد بە 26 وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ، بەپێی ئامارێکیش کە پێگەی زە ئەتلەتیک بڵاویکردووەتەوە لە وەرزی 2019-2020ـەوە لە سەدا 48ـی ئەو لێدانە سزایانەی جێبەجێکراون لەلایەن ئەو یاریزانانە بووە کە بە قاچی چەپ یاریی دەکەن، ئەمانەش بە رێژەی نزیکەی لە سەدا 85 سەرکەوتووبوونە لە گۆڵکردن، واتە لەسەدا 5 زیاتر لەو یاریزانانەی بە قاچی راست گۆڵیان کردووە.

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی 1996 ئەنجامدراوە، زۆرینەی گۆڵپارێزەکان پێشبینییان دروستە بۆ ئاراستەی ئەو تۆپەی لەلایەن یاریزانە راستەکان لێدەدرێت، بە پێچەوانەوە کەمترین پێشبینیان بۆ ئاراستەی تۆپی چەپانەکان هەیە، لە زرۆبەی چاوپێکەوتنەکانیشدا گۆڵپارێزەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە تێگەیشتنیان زەحمەتترە بەرامبەر ئەو یاریزانانەی بە قاچی چەپ لێدانی سزا جێبەجێ دەکەن.

رەنگە ئەم خوێندنەوەیە رەخنەی لێبگیرێت چونکە ساڵانێکی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە و ئێستا گۆڕانکاری زۆر بەسەر یارییەکەدا هاتووە، مات بیزدرۆڤسکی کە شارەزای گۆڵپارێزيیە، دەڵێت: "نازانم نهێنییەکە چییە، بەڵام هەموو کاتێک تۆپی ئەو یاریزانە چەپانە سەخت بووە کە لێدانی سزایان بەرامبەرم جێبەجێ کردووە، دەشڵێت نهێنییەکی شاراوە هەیە و هەموو گۆڵپارێزێک هەست بەوە دەکات کاتێک رووبەڕووی یاریزانێک دەبێتەوە کە بە قاچی چەپ لێدانی سزا جێبەجێ دەکات".

لە نوێترین ئاماردا هاتووە گۆڵپارێزان بە رێژەی لە سەدا 14.4 لێدانی سزای ئەو یاریزانانە دەگەڕێننەوە کە بە پێی راست یاریی دەکەن، بەڵام ئەوانەی بە قاچی چەپ لێدانەکە جێبەجێ دەکەن تەنیا لە سەدا 8.7 ناتوانن گۆڵ بکەن.

لەڕووی دەروونییەوە

لە کتێبەکەیدا بە ناوەی (12 یاردە)، لێتێڵتۆن بۆ ماوەی 20 ساڵ توێژینەوەیەکی کردووە و پێداچوونەوەی بە زیاتر لە 8000 لێدانی سزا کردووە، هەوڵیداوە رێگەیەکی نمونەیی ئاشکرا بکات بۆ لێدانی سزا و گەڕاندنەوەی لەلایەن گۆڵپارێزەوە، لە لێکۆڵینەوەکەیدا بۆی دەرکەوتووە جیاوازیی رێژەیی گۆڵکردن هەیە لە نێوان ئەو یاریزانانەی بە قاچی چەپ یان راست لێدانی سزا جێبەجێ دەکەن، بەڵام هیچ جیاوازییەکی راستەقینە نییە لە شێوازی لێدانەکان، بەڵکو چەند لایەنێکی دەروونییە و یاریزانەکان گریمانەی جیاوازیان هەیە لە جێبەجێکردنی لێدانە سزاکان و بوونی دوودڵی لەکاتی جێبەجێکردنی ئەم کردارە.
بێن لێتێڵتۆن دەڵێت : "کاتێک قسە لەگەڵ یانەکان دەکەم ئەوان دەڵێن نایانەوێت لە لێدانی سزا یاریزانی چەپان بەکاربهێنن، بەڵام من لە لێکۆڵینەوەکەم بۆم دەرکەتووە هیچ جیاوازییەکی نییە، رەنگە جیاوازییەکە بەڕێژەی 0.1٪ بێت، بەڵکو تەنیا لایەنی دەروونی جیاوازی هەیە، بەپێی کاتی لێدانە سزاکە ئایا ئەو یاریزانەی لێدانەکە جێبەجێ دەکات تیپەکەی بە ئەنجامە لە پێشەوەیە یان نا، بەڵام لە راستیدا گرنگ نییە یاریزانەکە بەپێی چەپ یان راست لێدانی سزا جێبەجێ دەکات، بۆ نمونە یاریزانێک کە لێدانی سزا جێبەجێ دەکات ئەگەر تیپەکەی بە چەند گۆڵێک لەپێشەوە بێت و فشاری لەسەر نەبێت جیاوازە لەگەڵ ئەو کاتەی فشاریان لەسەرە یان بە چەند گۆڵێک لەدواوەن.

نهێنی سەرکەوتنی چەپانەکان

ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ رێژەی لێدانەکان و نەبوونی توانای گۆڵپارێزەکان بۆ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ هێرشی چەپانەکان، کەمی ژمارەی یاریزانە چەپانەکان وایکردووە گۆڵپارێزەکان زۆربەی جار مەشق و راهێنان لەسەر ئەو یاریزانانە بکەن کە بە قاچی راست لێدانەکان جێبەجێ دەکەن، کە جیاوازییەکی تەواو هەیە لەڕووی گۆشەکان و ئاراستەی لێدانەکان، بەمەش ئەو یاریزانانەی بە قاچی چەپ لێدانی سزا جێبەجێ دەکەن زیاتر دەردەکەون و گۆڵ دەکەن.

ئەم ناهاوسەنگییە تەنیا لە یاریی تۆپی پێدا نییە، بەڵکو لە زۆرینەی وەرزشەکاندا دەردەکەوێت، وەک لە یاریی تۆپی دەست یان کریکێت و بەشێکی دیکەی یارییەکان، لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوتووە بەرگریکاران رووبەڕووی سەختییەکی زیاتر دەبنەوە کاتێک بەرامبەر یاریزانی چەپان یاریی دەکەن، پوختەی لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن ئەم ناهاوسەنگییە تەنیا هۆکاری ئەوەیە گۆڵپارێزەکان گونجاندن لەگەڵ پێیەکی دیاریکراودا دەکەن، لە کاتی لێدانەکاندا زیاتر بیریان بۆ پێی راستە، بەڵام ئەگەر پێیەکە جیاواز بێت ئەوا هزری گۆڵپارێزەکە  دەکەوێتە ژێر فشارەوە و دۆخەکە لەسەر ئەو یاریزانە ئاسانتر دەبێت کە لێدانی سزا جێبەجێ دەکات.

.
.