بەرپرسێکی بانکی ناوەندی: ئەو بانکانەی بەشدارن لە پڕۆژەی هەژماری من لە بانکە هەرە باشەکانی عێراقن

K24 - هەولێر

بەرپرسی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی عێراقی لە لقی هەولێر ڕایگەیاند، لە بانکی ناوەندی چ پڕۆژەی "تەوتین" بێت یان "هەژماری من" هەردووکیان یەک پڕۆژەن.

سەرکەوت فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی عێراقی لە لقی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە بانکی ناوەندی چ پڕۆژەی "تەوتین" بێت یان "هەژماری من" هەردووکیان یەک پڕۆژەن، گوتیشی: پڕۆژەی تەوتین پڕۆژەیەکی بانکی ناوەندییە لە 2018ەوە 43 بانک تێیدا بەشدارن،  لەوانەش ژمارەیەکی زۆریان بانکی ئەهلین.

سەرکەوت ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوبانکانەی بەشدارییان لە پڕۆژەی "هەژماری من" کردووە چواریان لەبانکە هەرەباشە ئەهلییەکانی عێراقن، واتە زۆرێک لەوبانکانەی بەشدارن لە پڕۆژەی هەژماری من لەهەمانکاتدا بەشداریشن لە پڕۆژەی تەوتین، دەشڵێت: فەرمانبەر هەیە لە بانکی رافیدەین و رەشید تەوتینی لە بانکە ئەهلییەکاندایە.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی عێراقی لە لقی هەولێر ڕوونیکردەوە، هەر بانکێک لە عێراق کار بکات ئەچێتە ژێر ئەو یاسا و ڕێنمایانەوە، کە چوار یاسان، ئەوانیش "یاسایی بانکی ناوەندی عێراقی کە ساڵی 2005 دەرچووە، یاسایی سپی کردنەوەی پارە، یاسایی بانکەکانی عێراقی و یاسایی بانکەکانی ئیسلامی".

دەشڵێت: داوا لە حکومەتی هەرێمی کردستان دەکەم داوا لە بانکەکانی "ڕەشید و ڕافیدەین و تی بی ئای" بکات بەشدار بن لە پڕۆژەی هەژماری من، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکە بە پێی دەستوور دامەزراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە هەژماری من و تەوتین، بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەیە.

سەرکەوت باسی لەوەشکرد، بانکی ناوەندی لە هەموو عێراق سێ لقی هەیە، ئەویش لەهەولێر و موسڵ و بەسرە، ئیستا هەولێر یەکێکە لە چالاکترین لقەکانی بانکی ناوەندی، سەرپەرشتی ئەو بانکە ئەهلییانە ئەکات.

دەشڵێت: کاری بانکەکان تانها مووچە دان نییە، ئیستا بانکی جیهان هەموو شتێکیان هەیە، بۆیە ئامانجی بانکی ناوەندی کەمکردنەوەی کاشە، کەمکردنەوەی مامەڵەکردنە بە کاش، بۆ نموونە فەرمانبەرمان هەیە لە هەرێمی کوردستان سەر بە عێراقە، لەڕێگەی ئامێرەکانی "ATM"ەوە دەتوانن پارە راکێشن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە دانانی ئەو ئامێرانە.