چاڤی کۆمەڵێک یاریزانی لاماسیای پێشکەش بە ئیسپانیا کردووە

پائو کوبارسی یاریزانی لاوی یانەی بارسێلۆنا
پائو کوبارسی یاریزانی لاوی یانەی بارسێلۆنا

یەکێک لە پلانە لە پێشەکانی چاڤی هێرناندێز لەماوەی راهێنەرایەتی بارسێلۆنا، گرنگیدان بە یاریزانە لاوەکانی ئەکادیمیای یانەکەی بووە، پلانەکەشی سەرکەوتوو بووە و لەو کاتەوە چەندان یاریزانی پێشکەشی هەڵبژاردەی یەکەمی وڵاتەکەی واتە ئیسپانیا کردووە.

چەند ساڵێکە بارسێلۆنا بەدەست قەیرانی گەورەی داراییەوە گیری خواردووە، هەر ئەمەش وایکردووە یانەکە دەستی بەستراو بێت لە بازاڕی گواستنەوە و نەتوانن بە ئارەزووی خۆیان، ئەو یاریزانانەی راهێنەرە داوا دەکات بگوازنەوە.

ئەو قەیرانە داراییەی ساڵانێکە رووی لە بارسێلۆنا کردووە، بووەتە خێر و بەرەکەت بۆ یاریزانە لاوەکانی ئەکادیمیای ئەو یانەیە، هەر ئەو قەیرانە وایکرد چەندان ئەستێرە لەناو ریزەکانی ئەکادیمیای ئەو یانەیە دەربکەون، لەوانیش گاڤی و یامال و فێرمین لوپێز و چەند یاریزانێکی دیکە.

بێجگە لە بارسێلۆنا کە زۆرترین سوودی لەو یاریزانە لاوانە بینیەوە، هەڵبژاردەی ئیسپانیاش سومەندی سەرەکی بووە، لەو کاتەوەی چاڤی بووەتە راهێنەری یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا، چوار یاریزانی بە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ناساندووە و کاریگەری خۆشیان هەبووە ئەو یاریزانانە.

چاڤی هەر بەم چەند یاریزانە نەوەستاوە و لە دوایین ئامادەکارییەکانی یانەکەی، یاریزانێکی دیکەی ئەکادیمیای یانەکەی بانگهێشتی تیپەکەی کردووە، ئەویش ژائۆ مێندێس کوڕی رۆناڵدینهۆ ئەستێرە و ئەفسانەی پێشووی یانەکەیەتی.

نزیک ساڵێک لەمەوبەر بوو کاتێک کوڕەکەی رۆناڵدینهۆ لەسەر داوای چاڤی راهێنەری بارسێلۆنا، داوا کرا بۆ ئەوەی وەکو تاقیکاری، بەشداری راهێنانەکانی تیپی لاوانی یانەکەی بکات، دوای کەمتر لە هەفتەیەکیش لەسەر داوای چاڤی، بەرپرسانی یانەکە گریبەستیان لەگەڵ واژۆ کرد.

هەرچەندە ئەم وەرزە دوایین وەرزی چاڤی دەبێت وەکو راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، بەڵام بەرپرسانی یانەکە هەموو ئاسانکاریەکی بۆ دەکەن، بۆ ئەوەی پێش وازهێنانی لە پۆستەکەی، چەندان یاریزانی دیکە بە تیپی یەکەمی یانەکەیان بناسێنێت.