ئێران.. پیاوێکی ئاینی کە شۆفێریی تەکسیی دەکرد، بە کوژراوی دۆزرایەوە  

وێنەی "هەمزە ئەکرەمی"
وێنەی "هەمزە ئەکرەمی"

K24- هەولێر

بەگوێرەی گوتەی بەرپرسان و میدیاکانی ئێران، جێگری سەرۆکی حەوزەی ئایینی لە شاری ماهشەهر لە  پارێزگای خوزستان لە باشووری ئێران بە ڕووداوێکی گوماناوی کوژراوە.

مەهدی محەممەدی، دادوەری گشتیی شاری ماهشەهر، بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند، "شێخ هەمزە ئەکرەمی، جێگری سەرۆکی حەوزەی شارەکە و مامۆستایەکی دیاری ناوچەکە کوژراوە".

محەممەدی داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە واز لە گریمانەی ڕووداوەکە بهێنن، تاوەکو ڕاستییەکان ئاشکرا دەکرێن.

ئاژانسی ھەواڵی حەوزەی زانستی ڕایگەیاند، هەمزە ئەکرەمی بە دەستی "دزەکان" کوژراوە و تەرمەکەی لە تەنیشت هێڵی شەمەندەفەری ماهشەهر دۆزراوەتەوە، گوتیشی: "مۆبایل و جزدانەکەی ئەکرەمی نەدۆزراوەتەوە".

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، هەمزە ئەکرەمی نزیکەی 15 ساڵ بوو لە حەوزە دەیخوێند، هەروەها بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خێزانەکەی لە کۆمپانیای تەکسی "سناپ"یش کاری دەکرد، دوای ئەوەی سەرنشینێکی هەڵگرتووە، دواتر لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە تەرمەکەی لە تەنیشت هێڵی شەمەندەفەری بەندەر ماهشهەر دۆزراوەتەوە.

دوای ئەوەی تەرمەکەی لە ئۆتۆمبێلەکە دەرهێنراوە، ئەو پیاوە ئایینییە بە فیشەک کوژراوە، هەروەها مۆبایلەکەشیان دزیوە و حەوزەی خوزستان داوای لە بەرپرسان کردووە بەدواداچوون بۆ ڕووداوی کوشتنەکە بکەن.