د. ئاراس قادر: بۆ حکوومەتی ناوەند نییە داراییەکەت پارچە پارچە بکات

K24 - هەولیر

سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان رایگەیاند، وەزیری دارایی زۆر بە راشکاوانە دوور لە تەفسیر کە بۆ مەرامی سیاسی دەکرێت، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە، و بۆ حکوومەتی ناوەند نییە بێت داراییەکەت پارچە پارچە بکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئاداری 2024، د. ئاراس قادر، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، وەزیری دارایی زۆر بە راشکاوانە دوور لە تەفسیر کە بۆ مەرامی سیاسی دەکرێت وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.

بەگوتەی ئەو، "من لە ڕووی زانستییەوە دەمەوێت تیشک بخەمە سەر چەند شتێک، ئێمە دەبێت بزانین لە سیستەمی دارایی لە سیستەمی فیدراڵی لە ڕابردووشدا دووپات لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کە بۆ حکوومەتی ناوەند نییە بێت داراییەکەت پارچە پارچە بکات، واتە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان چەندە دەبێت ئەوە هەمووی بنێرێت. بەو پێوەرەی لە یاسای بودجەدا هەیە. ئەو قسەیە وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان کردی، محەممەد شییاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کردی".

ئاراس قادر دەشڵێت: "ئێمە لەگەڵ عێراق پاشخانێکی تاڵمان هەیە، بەتایبەت دوای ساڵی 2014، کۆمەڵێک بابەتیان کردووەتە ئەرزی واقع و دەیسەپێنن، وەک چۆن رێژەی 17% یان کردە 12.67% چۆن "انفاق فعلی"ییان جێگیر کرد، وایان کرد رێژەیەکی یەکجار زۆر بەناوی "نفقات سیادیة و الحاکمة" زیاد لە عێراق پشکی هەرێمی کوردستانیان کەم کردەوە، هەموو ئەوانە بۆ ئەوە بوون بە بەڕاستییەک و وەکو بۆمبێک بوو بۆ کوردستان دانرابووەوە".

بەگوێرەی گوتەکانی ئەو: "هەرچەندە مووچەخۆرانی ئێمە لە بارودۆخێکی ناخۆشدان و زیاتر لە 50 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە، لە ساڵی رابردووشدا مووچەی سێ مانگیان وەرنەگرتووە بارودۆخی ژیانیان باش نییە، بەڵام ئێستا حکوومەتی عێراق دەیەوێت ئەو خاڵە بقۆزێتەوە و پاڵەپەستۆی زیاتر و گوشاری زیاتر بخاتە سەر هەرێمی کوردستان، مەبەستەکەشیان لێدانە لە خودی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و دەستوورەکەی، بۆیە لێکجیاکردنەوە لەگەڵ بنەمای سەرەکی داراییدا ناگونجێت".

سەرۆکی سە نتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان رایگەیاند: ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە بە وردی لای حکوومەتی عێراق هەیە، چەندان جار خۆم لە ڕاگەیاندنەکاندا باسم کردووە، ئەتوانین یەک یەک ژمارەکان بڵێین، ئەو ژمارانە پێشووتر هەمووی دراوەتە بەغدا، ژمارەی هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان و ئەوەی کە ئێستا هەیە نزیکەی 752 هەزار فەرمانبەرت هەیە لە کاردایە ئێستا و نزیکەی 500هەزاریش خانەنیشن هەیە، چاودێریی کۆمەڵایەتیی و شەهیدان و ئەنفالکراوان و ئەوانی دیکەش، لەو  752 هەزارە نزیکەی 30 هەزاری گرێبەست بوو، ئەوەی دەمێنێتەوە 722 هەزار فەرمانبەری هەیە لەسەر کار.

گوتیشی: "سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکان نزیکەی 50 هەزار کەس بوو، وەزارەتی پێشمەرگە زیاتر لە 200هەزارە و ناوخۆش زیاتر لە 100 هەزارە ئەوەی دەمێنێتەوە دابەشکراوە کە نزیکەی 400هەزار مەدەنییە لەو ژمارەیەش تەنیا وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا نزیکەی 185 هەزار فەرمانبەرە واتە نیوەی ئەوەش هێزی کاری ئێمە لە وەزارەتەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا، ژمارەکان هەمووی بە وردەکاریی و داتا هەیە."

ئاشکراشی کرد،  بابەتی هێزە ئەمنییەکان لە هەموو جیهان وایە ئەوانەی کە هەن بایۆمەتری تایبەت بەخۆیان کردووە، لە وڵاتێکی وەکو عێراق تا ئێستا تیرۆر بەردەوامە و هەندێک کێشەی ئەمنی هەیە ئەوانە لای خۆیان دەمێنێتەوە، بەڵام ژمارەکان هەمووی لای خۆیان هەیە، لەگەڵ پلە و مووچەکانیان.