زیرەکی دەستکرد گەورەترین کێشەی یانەکان چارەسەر دەکات

ژیری دەستکرد
ژیری دەستکرد

یەکێک لە گەورەترین کێشەی یانەکان، کێشەی زمان لە نێوان راهێنەران و یاریزانەکان بووە، هەندێکجاریش لەبەر ئەم هۆکارە، زۆربەی یانەکان ئامادەنەبونە یاریزانێک بگوازنەوە ریزەکانیان، کە بێجگە لە زمانی دایک زمانێکی دیکەش نەزانێت، بەڵام خەریکە زیرەکی دەستکرد ئەم کێشەی چەندین ساڵە چارەسەر دەکات.

رەنگە بۆ هەندێک یانە زمان زانین بۆ یاریزانەکانی نەبێتە کێشە، بەڵام لە رووی داراییەوە بارگرانی بۆ ئەوان دروستکردووە، ئەویش بە دەست نیشانکردنی چەند وەرگێرێک یانیش وەرگێرێک کە چەندین زمانی جیهانی بزانێت.

لەوەتەی دروستبوونی زیرەکی دەستکرد، ئەم تەکنەلۆژیایە زۆر کێشەی لە زۆربەی بوارەکان چارەسەر کردووە یاخود بووەتە یارمەتیدەرێکی باش، ئێستاش ئەو تەکنەلۆژیایە خەریکە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی جیهانی تۆپی پێ چارەسەر دەکات.

کۆمپانیایەکی ئەڵمانی کە خودی جولیان دراکسلەر یاریزانێکی پێشووی هەڵبژاردەی ئەم وڵاتە خاوەنداریەتی دەکات، بڕیاریداوە ساڵی داهاتوو، لە رێگەی ژیری دەستکرد کێشە زمان چارەسەر بکات، ئەویش لە رێگەی ئەو هێلەکەی یاریزانەکان بۆ چاودێری توانا جەستەییەکانیان بەکاری دێنن.

ئەو کۆمپانیە ئەڵمانیە دەیەوێت بە بەستی بلندگۆیەکی بچووک بەو هێلەکێکی تایبەت، کێشەی تێکنەگەیشتنی یاریزان و راهێنەری چارەسەر بکات، هەرچەندە تاوەکو ئێستا فیفا رێگەی نەداوە لە کاتی راهێنانەکانیش هیچ ئامێرێک بەکاربهێنرێت، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت دوای ئەو داهێنانە، رێگەیان پێبدرێت وەکو ئاسانکاری لە نێوان یاریزان و راهێنەر.

لەگەڵ هاتنی ئەو تەکنەلۆژیایە، پێشبینی دەکرێت یانەکانی جیهان پێشوازیەکی گەورە لەم بیرۆکەیە بکەن، لەبەر ئەوەی یەکێک لە گەورەترین کێشەکانیان چارەسەر دەبێت و ئەو کات دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان ئەو یاریزانانەی کە زمانی ئەوانیش نازانن، بگوازنەوە ریزەکانیان.