كارلۆس ساینز پله‌ی یه‌كه‌می خه‌ڵاتی مه‌زنی ئوسترالیای به‌ده‌ستهێنا
له شاری مێلبۆرنی ئوستراڵیا پێشبڕكێی سه‌ره‌كی خه‌ڵاتی مه‌زنی فۆرمولا وه‌نی ئەم وڵاتە به‌ڕێوه‌چوو و ماكس ڤێرستاپن له پاڵاوتنه‌كان خێراترین كاتی تۆمار كرد و له پێشه‌نگی هه‌مووان ده‌ستی به پێشبڕكێیه‌كه كرد.
سێرجیۆ پێرێز به‌هۆی سزایه‌كه‌وه سێ خانه دابه‌زێندرا و له پله‌ی شه‌شه‌م ده‌ستیپێكرد، كه له‌ماوه‌ی سێ رۆژی پێشبڕكێیه‌كه 452 هه‌زار کەس له مه‌یدانی مێلبۆرن ئاماده بوون.
پێنج گڵۆپه‌كه كوژایه‌وه و پێشبڕكێیه‌كه ده‌ستیپێكرد هه‌رزوو ماكس ڤێرستاپن له پێچی یه‌كه‌م پارێزگاری له پێگه‌كه‌ی كرد، به‌ڵام كارلۆس ساینزی ئیسپانی له پێچه‌كانی دواتر به پێشی كه‌وته‌وه.
له سوری چواره‌م ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ نه‌ده‌كرا روویدا و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ماكس ڤێرستاپن سیسته‌می برێكی تێكچوو و دواتر دوكه‌ڵی لێ به‌رزده‌بووه‌وه.
سیسته‌می برێكی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ماكس ته‌قییه‌وه و گڕی له به‌شی دواوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه به‌ردا، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد بۆ جاری یه‌كه‌م دوای دوو ساڵ ماكس ڤێرستاپن له پێشبڕكێیه‌ك بكشێته‌وه.
پێشبڕكێیه‌كه ده‌ستیپێكرده‌وه و هه‌ردوو شۆفێره‌كه‌ی فێراری كه‌وتنه نێوان دوو ئۆتۆمبێلی مەكلارن. هه‌موو هیوای تیمی رێدبۆڵ له‌سه‌ر چیكۆ پێرێز هه‌ڵچنرابوو به‌ڵام ئه‌ویش ماوه‌یه‌كی زۆر له دواوه بوو. ئۆتۆمبێله‌كه‌ی لویس هامڵتن له سوڕی حه‌ڤده‌م هیچ ووزه‌یه‌كی تێدا نه‌ما و به‌ناچاری كشایه‌وه.
كشانه‌وه‌ی هامڵتن سوودی بۆ چه‌ند تیمێك هه‌بوو تایه‌ی نوێیان بۆ ئۆتۆمبێله‌كانیان به‌ست و به‌هێزه‌وه ده‌ستیان به پێشبڕكێیه‌كه كرد
چیكۆ پێرێز له ئۆتۆمبێله‌كانی پێشه‌وه نزیك ده‌بووه‌وه و به به‌كارهێنانی دی ئاڕ ئێس جۆرج ره‌سڵی تێپه‌ڕاند.
له به‌رده‌وامی پێشبڕكێیه‌كه پێرێز توانی ئالۆنسۆش تێپەڕێنێت و سه‌ركه‌وته خانه‌ی پێنجه‌م، به‌ڵام هێشتا 12 چركه له نۆرێسی چواره‌م دوور بوو.لاندۆ نۆرێس به مه‌به‌ستی ركابه‌ریكردنی فێراری به پێش پیساتری هاوتیمی كه‌وته‌وه.
پیاستری یه‌كێك له جوانترین تێپه‌ڕاندنه‌كانی كرد و ئالۆنسۆی تێپه‌راند. كارلۆس ساینز به پله‌ی یه‌كه‌م گه‌یشته خاڵی كۆتایی و بووه پاڵه‌وانی خه‌ڵاتی مه‌زنی ئوسترالیا و تیمی فێراری دوای ساڵی 2022 بۆ جاری یه‌كه‌م هه‌ردوو شۆفێره‌كه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م بوون.
هه‌مووان ئاهه‌نگی كۆتاییهاتنی پێشبڕكێیه‌كه‌یان ده‌گێڕا بێ‌ئاگا له‌وه‌ی له دواین سوڕ جۆرج ره‌سڵ تووشی رووداوێكی زۆر گه‌وره بوو و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی تێكشكا و له خانه‌ی كۆتایی پێشبڕكێیه‌كه‌ی بۆ هه‌ژمار كرا. هه‌ریه‌كه له لاندۆ نۆرێسی به‌ریتانی و ئۆسكار پیاستری ئوسترالی له تیمی مكلارن پله‌ی سێیه‌م و چواره‌میان برده‌وه.
ئامادە کردنی راپۆرت: محەمەد عەدنان