ئالڤێس هیچ داهاتێکی نیە بۆ ئەوەی لە زیندان ئازاد بێت؟

دانی ئالڤێس
دانی ئالڤێس

دانی ئالڤێس بەرگریکاری پێشووی هەڵبژاردەی بەڕازیل، بەم دواییە بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژنێکی گەنج لە یانەیەکی شەوانە لە بارسێلۆنا دادگایی کرا و بەم هۆیەوە 4.5 ساڵ سزای زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.

بەرگریکارەکەی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا، دوای دەرچوونی سزاکەی لەلایەن دادگای بارسێلۆنا، تانەیەکی تۆمار کرد و هەفتەی ڕابردوو دادوەر بە کەفالەتێکی یەک ملیۆن یۆرۆیی ڕەزامەندیدا لەسەر ئازادکردنی کاتی.

هەفتەیەک بەسەر بڕیارەکەی دادوەردا تێپەڕیوە، بەڵام ئالڤێس هێشتا لە زینداندایە. سەرەتا ئەو یاریزانە داوای لە نێیمار کرد ئەم کەفالەتە بدات. نێیمار کە پێشتر 150 هەزار یۆرۆی وەک قەرەبووی هاوڕێکەی بە قوربانییەکە داوە، ئەمجارەیان ڕەتیکردەوە بڕی کەفالەتەکە بدات، بەڵام بۆ زۆر کەس پرسیارێکە بۆچی ئالڤێس خۆی ئەو بڕە پارەیە نادات ئایا وەکو یاریزانێکی پیشەگەر کە چەندان ساڵ ملیۆنان یۆرۆی وەگرتووە، بۆچی ئێستا هیچێ بەردەست نیە؟

بەرگریکارەکەی پێشووی سامبا بەهۆی ئەو کێشەی لەگەڵ هاوسەری پێشووی و دایکی دوو منداڵەکەیدا هەیەتی. لە بەرازیل هەژمارە داراییەکانی بلۆک کراون و بەهۆی نەدانی نەفەقەی دوو منداڵەکەیەوە ناتوانێت پارەکانی لە بانگ رابکێشێت.

لە لایەکی ترەوە ئینس گواردیۆلا پارێزەرەکەی ئالڤێس، دڵنیایی دەدات لەوەی کە ئەو یاریزانە دوو هەژمارەی دارایی دیکەی لە ئیسپانیا هەیە. بە تایبەتی لە بانکیLa Caixa لە یەکێکیان باڵانس نییە و لە یەکێکی تریان 51 هەزار یۆرۆی هەیە.

دوایین زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، خێزانەکەی (بەتایبەت دایک و براکەی) بەدوای قەرزدا دەگەڕێن بۆ دەرهێنانی ئالڤێس لە زیندان، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوونە.