پارێزگاری دهۆک: پێش جەژن سەرجەم زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە
K24 – دهۆک:
پارێزگاری دهۆک، سڵاوی سەرۆک بارزانی گەیاندە پێشمەرگەکان کە ماوەی چەند رۆژێکە خۆبەخشانە بەشدارن لە خاوێنکردنەوەی شەقام و ماڵەکانی پارێزگای دهۆک لە پاشماوەی لافاوەکە، هاوکات دەڵێت: پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز سەرجەم زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (24ـی ئاداری 2024) عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی جەنابی سەرۆک بارزانی لە قۆناغی یەکەمدا 117 ماڵ قەرەبوو کرانەوە و شووقەیان وەرگرت، هەروەها بە چەند قۆناغێکی دیکە سەرجەم زیانلێکەوتووانی لافاوەکە قەرەبوو دەکرێنەوە.
پارێزگاری دهۆک، راشیگەیاند، "هاتووم سڵاوی سەرۆک بارزانی بگەینمە پێشمەرگەکان کە ماندوونەناسانە بەشداربوون لە خاوێنکردنەوەی شەقام و ماڵەکانی پارێزگای دهۆک لە پاشماوەی لافاوەکە". هاوکات سوپاسی سەرجەم کەس، تیم، لایەنە پەیوەندیدار و خزمەتگوارییەکانی پارێزگای دهۆکی کرد کە لە لەکاتی درووستبوونی لافاوەکە هەر زوو بە فریای هاووڵاتیییان هاتن.
عەلی تەتەر، گوتی: پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز سەرجەم زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.
بەرەبەیانیی رۆژی سێشەممە، (19ـی ئاداری 2024)، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک و زاخۆ بوو. بەهۆی بارانەکەوە، لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو دروستبوو، ئاو چووە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە رێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخران.