دیلان رەشاد: بارانبارین تا بەیانی دووشەممە بەردەوام دەبێت

دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن

K24 – هەولێر:

بە گوێرەی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و  بوومەلەرزەزانىی هەرێمی کوردستان شەپۆلێكی دیكەی باران بارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەفر و تەزرەشی لەگەڵدایە.

رۆژی یەکشەممە (24ـی ئاداری 2024) دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە كوردستان24ـی راگەیاند: "بەهۆی کاریگەرىی دوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى سوور و کەنداو، شەپۆلە بارانێک ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

دیلان رەشاد گوتیشی: كاریگەری ئەو شەپۆلە زیاتر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەبێت و تا بەیانی دووشەممە بەردەوام دەبێت".

سەبارەت بە پێشبینییەکانی کەشوهەوای سبەی دووشەممە (25ی ئاداری 2024) بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و  بوومەلەرزەزانىی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کاریگەرى ئەو شەپۆلە بارانە لە ناوچەکە تا کاتەکانى بەرەبەیان بەردەوام دەبێت و بەهۆی کاریگەرىی بارستە هەوایەکى سارد پلەکانى گەرما زیاتر نزم دەبێتەوە و ئەگەرى تەزرە  لە کاتەکانى بەرەبەیان لە هەندێ ناوچە هەیە، لە دواى نیوەڕۆی دووشەممە باران کۆتاىی دێت و کەش بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت.