خالید دەبوونی: سووننەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێکنەکەوتوون

خالید دەبوونی، سه‌ركرده‌ له‌ پارتی موته‌حیدون
خالید دەبوونی، سه‌ركرده‌ له‌ پارتی موته‌حیدون

K24 – هەولێر:

سه‌ركردەیەکی‌‌ پارتی موته‌حیدون، ئاماژە بەوە دەکات، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق زۆر ئاڵۆزە و وا بە ئاسانی یەکلایی ناکرێتەوە، سوودمەندی یەکەمی ئەو ململانێیەی نێو ماڵی سووننەکان بریتییە لە چوارچێوەی هەماهەنگی.

خالید دەبوونی، سه‌ركرده‌ له‌ پارتی موته‌حیدون، بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا  هیچ کۆدەنگییەک نییە لەسەر دیاریکردنی کاندیدێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین کە هەڵوێستی روون بوو، لەگەڵ یەکگرتوویی نێوماڵی سووننەکان بوو.

ئەو سەرکردەیەی پارتی موتەحیدون، راشیگەیاند، سووننەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رێکنەکەوتوون و هەڵوێستێکی لاوازیان هەیە، هەروەها ناکۆکی لەنێو ماڵی سووننەکان هەیە.

خالید دەبوونی، ئاماژەی بەوەدا، پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان زۆر ئاڵۆزە و وا بە ئاسانی یەکلایی ناکرێتەوە، سوودمەندی یەکەمی ئەو ململانێیەی نێو ماڵی سووننە بریتییە لە چوارچێوەی هەماهەنگی.

ئەو سەرکردەیەی پارتی موتەحیدون، دەڵێت: خودی چوارچێوەی هەماهەنگیش لەنێوخۆیاندا پەرتەوازەن و هاوشێوەی نێو ماڵی سووننە ناکۆکن، ئەوانیش تا ئێستا بڕیاریان نەداوە کە پشتگیری کێ بکەن بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت.

خالید دەبوونی، گوتیشی: زۆرینەی سووننەکانی پەرلەمانی عێراق سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەن بۆ پشتگیریکردن و هاوکاریکردن لەم پڕۆسەیە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان.

ئەو سەرکردەیەی پارتی موتەحیدون، باسی لەوەشکرد، چوارچێویە هەماهەنگی دەیەوێت دۆخی پەرلەمان هەر بەو شێوەی ئێستا بمنێتەوە، چونکە جێگری یەکەم سەرۆکی پەرلەمان لە ئێستادا خۆی بە وەکالەت سەرۆکی پەرلەمانە و سەر بە لایەنی شیعەیە.