ئەم ساڵ بەنداوی باوەشاسوار دووەمجارە سەرڕێژ دەبێت

سەرڕێژبوونی بەنداوی باوەشاسوار لە کفری - ئیدارەی گەرمیان
سەرڕێژبوونی بەنداوی باوەشاسوار لە کفری - ئیدارەی گەرمیان

K24 – گەرمیان

هەر چوار بەنداوەکەی سنووری ئیدارەی گەرمیان سەرڕێژ بوونە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (25ی ئاداری 2024) بەنداوی باوەشاسوار لە کفری بۆ جاری دووەمە لەم ساڵ سەرڕێژ دەبێت کە توانای گلدانەوەی شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.

جەبار مەحموود بەڕێوەبەری بەنداوەکانی گەرمیان تایبەت بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، هەر چوار بەنداوەکەی گەرمیان سەرڕێژ بوونە و ئەمەش سوودێکی زۆری بۆ کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاریی و زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی دەبێت.

بەڕێوەبەری بەنداوەکانی گەرمیان گوتیشی: بەنداوی باوەشاسوار بە بەرزی 40 سەنیمەتر و بە پانتایی 114 مەتر سەرڕێژ بووە، هەروەها بەنداوی ئاوە سپی بە بەرزی 90 سەنتیمەتر سەرڕێژی کردووە.

ئاماژەشیدا، بەنداوی حەسەن کەنۆش لە سنووری شارەدێی سەنگاو بە بەرزی 30 سەنتیمەتر و بەنداوی تووڕەجاڕ لە شارەدێی شێخ تەوێڵ بە بەزری 60 سەنتیمەتر سەرڕێژیان کردووە.

بەنداوەکانی گەرمیان بۆ گلدانەوەی ئاو، زیاتر پشت بە باران دەبەستن لەگەڵ بەشێک لەو کانی و ڕووبارانەی لە سنوورەکەدا هەن.

هەروەها بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەمڕۆش ئەو شەپۆلە بارانەی هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بەردەوام دەبێت و بە پێی ئامارەکان تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 21 ملم باران باریوە، کۆی گشتیی باران لە گەرمیان تۆمارکراوە نزیکەی 250 ملمە.