سبەینێش باران بەردەوام دەبێت

کەشوهەوا
کەشوهەوا

K24 - هەولێر

بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتىی گشتىی کەشناسی و بوومەلەرزەزانى هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ دووشەممە کەشوهەوا تا ڕادەیەک سەقامگیر دەبێت، بەڵام سبەی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانە و لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتیش ئەگەری بەفربارین هەیە.

بەگوێرەی کەشى پێشبینیکراوى ئەمڕۆ دووشەممە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و تا وەکوو دوای نیوەڕۆ لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان نمەباران و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانیش بەفرێکی کەم بەردەوام دەبێت، بەڵام لە ئێوارەی ئەمڕۆوە ئاسمان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت.

سەبارەت بە پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ سبەی سێشەممە، بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتىی گشتیى کەشناسی ئاماژەی داوە، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و سەرەتا لە ناوچەکانی بادینان نمە باران دەست پێدەکات پاشان زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە.

هەروەها پێشبینی دەکات، بەفرێکی کەمیش لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات بگرێتەوە، بەڵام سبەی شەودا کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە.

هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان، بەرەبەیانی چوارشەممە لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەگەری تەم هەیە .