پارێزگاری دهۆک: سەرۆک بارزانی 18 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی پێشکەش بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەکات

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 - هـەولێر

پارێزگاری دهۆک ڕایدەگەیەنێت، 18 بارهەڵگر هاوکاریی مرۆیی لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە  پێشکەش بە زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەفتەی ڕابردووی دهۆک دەکرێن. دەشڵێت، "پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە بەردەوامە".

ئەمڕۆ دووشەممە، 25-03-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پرۆسەی پاککردنەوەی مزگەوت، قوتابخانە و خانووەکان لە گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بەردەوامە و گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. ئامانجمانە لە زووترین کاتدا ئەو خێزانانەی بەهۆی لافاوەکە ماڵەکانیان بەجێهێڵاوە، بگەڕێنەوە نێو ماڵەکانیان".

پارێزگاری دهۆک لەبارەی هەڵسانی لافاوەکەی هەفتەی رابردوو ئاماژەی بەوە کرد، "لە ماوەی 30 کاتژمێردا نزیکەی 352 ملیمەتر باران لە دهۆک باری. دەتوانم بڵێم، بارانی ساڵێک، لە ماوەی دوو ڕۆژ و شەوێکدا بەسەر دهۆکدا باریوە. لە مێژوودا، بەم بڕە باران لەم ناوچەیە لەم ماوە کەمەدا نەباریوە".

وەکو ئەوەی پارێزگاری دهۆک باسی کرد، "زەرەر و زیانێکی زۆر بەر پرد، شەقام، ئاوەڕۆکانی ئەو گەڕەکانەی شاری دهۆک گەیشتووە کە بەر لافاوەکەی هەفتەی ڕابردوو کەوتوون".

لەبارەی قەرەبووکردنەوە و هاوکاریی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک، د. عەلی تەتەر گوتی: "پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەفتەی ڕابردوو بەردەوامە". گوتیشی، " 18 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی کە لە کەلوپەلی ناوماڵ پێک دێن و لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەکرێن، بەرەو دهۆک بەڕێوەن".

د. عەلی تەتەر گوتی: "تاوەکو ئێستە تەنها هاوکارییە مادددی و مرۆییەکانی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە دەستی ئێمە؛ جگە لەوانە هیچ هاوکارییەکی دیکە نەگەیشتووەتە دەستمان. داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین، هەر کەسێک بیەوێت هاوکاری زیانلێکەوتووان بکات، لە ڕێگەی حکوومەتەوە ئەو کارە بکات، بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و دادپەروەرانە بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەش بکرێن".