دانووستانەکانی ئاگربەستی غەززە گەیشتووەنەتە بنبەست

چین: دەنگ بە پرۆژە نوێیەکەی ئاگربەستی غەززە دەدەین

K24 – هەولێر

میدیای فەرمی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە دانووستانەکانی ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاگربەست گەیشتوونەتە بنبەست. ئەمەش لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایش جارێکی دیکە دەربارەی ئاگربەست کۆبێتەوە.  

بە گوتەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ڕادیۆی فەرمیی ئیسرائیل کردووە، پێداگریی داواکارییەکانی حەماس بۆ کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە لە ماوەی ئاگربەستدا، هۆی شکست و بە بنبەست گەیشتنی دانووستانەکانە.

هەر لە بارەی دانووستانەکان، بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، شاندی دانووستانکاری وڵاتەکەی لە گفتوگۆکانی دەوحە باجێکی زۆریان داوە، کەچی حەماس لە دۆسیەی ئاڵوگۆڕکردنی زیندانیی و دیلەکان چەواشەکاری بڵاو کردووەتەوە.

بە گوتەی بەرپرسە ئیسرائیلییەکە، شاندی دانووستانکاری وڵاتەکە ڕەزامەندبوون لە ئازادکردنی حەوت زیندانی سزادراوی تاهەتایی بەرانبەر بە ئازادکردنی یەک سەربازی بە دیلگیراوی ئیسرائیلی.

بێ ئەنجامبوونی دانووستانەکانی ئاگربەست لە نێوان حەماس و ئیسرائیل لە کاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە لە سەر پرۆژە بڕیاری ئەمەریکا بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە کۆببێتەوە، هەرچەندە هەینی ڕابردوو، ڕووسیا و چین پرۆژەکەیان ڤیتۆ کرد، بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە لین جیان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و گوتی: چین پشتیوانی لە پرۆژەی بڕیارە نوێیەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات و ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە.

لين جيان گوتیشی: ئومێد دەکەم ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەرچی زووە بڕیارێک بدات بۆ ئەوەی هەرچی زووە شەڕ ڕابگیرێت.