داتاکانی داهاتی نەوتی کوردستان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا

کوردستان24 ڕاپۆرتێکی نووسراوی وەزارەتە سامانە سرووشتییەکانی بە دەست گەیشتووە
کوردستان24 ڕاپۆرتێکی نووسراوی وەزارەتە سامانە سرووشتییەکانی بە دەست گەیشتووە

K24 - هەولێر

ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە بە بڕیارێک شادەماری ئابووریی کوردستان بڕا و لەو کاتەوە ئاستەنگی گەورە بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان هاتە ئاراوە. تا ئێستەش داهاتووی ئەو پرسە بە ناڕوونی ماوەتەوە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە ڕاپۆرتێک ناڕوونییەکان لەبارەی "قەبارەی نەوتی ڕادەستکراو بە بەغدا، فرۆشتنی نەوت لە ناوخۆ و داهاتەکەی" دەڕەوێنێتەوە.

کوردستان24 ڕاپۆرتێکی نووسراوی بە دەست گەیشتووە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەی کردووە، تێیدا قەبارەی نەوتی بەرهەمهێنراو، شێوازی فرۆشتنی و داهاتەکەی خراوەتەڕوو.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، پێش ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25ی ئازاری ساڵی رابردوو، پرۆسەی بەرهەمهێنان لە 14 کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە، بەڵام لەدوای ئەو بڕیارە پرۆسەی بەرهەمهێنان لە پێنج کێڵگە وەستێنراوە و تەنها لە نۆ کێڵگە پرۆسەکە درێژەی هەیە، ئەویش بە توانایەکی بەرهەمهێنانی سنووردار.

نەوت لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ لە 1ی نیسانی 2023ەوە تا ئێستا لەو نۆ کێڵگە نەوتییە توانراوە 45 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنرێت، لەو بڕەش 11 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە.

پرۆسەی ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی نەوتی عێراق، لە 25ی حوزەیرانی ساڵی 2023ەوە دەستی پێکردووە و تا سەرەتای مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو بەردەوام بووە، بەڵام بە گوتەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، عێراق لەو ماوەیەدا هیچ بڕە پارەیەکی وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.

کەمتەرخەمیی عێراق لە پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، وای کردووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی 12ی ساڵی ڕابردووەوە ڕادەستکردنی نەوت بە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕابگرێت.

کاتێک ئەو بڕە نەوتەی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە، لە کۆی قەبارەی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان دەردەکەی، تەنها 33 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.

ئەو بڕە نەوتەش بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت، بەشێکی پشکی کۆمپانیاکانە کە %45 و دەکاتە نزیکەی 15 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل و بەشەکەی دیکەی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە کە نزیکەی 18 ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل.

فرۆشتن و پاڵاوتنی نەوت لە ناوخۆدا

لەدوای ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا، بەرهەمهێنانی بەرهەمە سووتەمەنییەکان لەناوخۆدا زیاتر بوو، لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕێگەی هەردوو پاڵاوگەی کار و لانازەوە ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزینی لەناوخۆ بەرزکردەوە و بەو هۆیەشەوە نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بووەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەو بڕە نەوتەی بەرهەمهێنراوە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت دراوە بە هەردوو پاڵاوگەکە و ئەوانیش بەنزینیان لێ بەرهەمهێناوە و بە نرخێکی گەنجاو خستوویانەتە بازاڕەوە. بەو هۆیەشەوە ئێستا نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵ بۆ کەمتر لە 780 دینار دابەزیوە.

لە ئەنجامدا 17 ملیۆن و 650 هەزار بەرمیل نەوت بە پوختی ماوەتەوە بۆئەوەی حکوومەتی هەرێم بیفرۆشێت، ئەو بڕەش بەشێوەیەکی تێکڕا بۆ هەر بەرمیلێک بە 31.3 دۆلار فرۆشتووە و داهاتەکەی بە گشتی 552 ملیۆن و 445 هەزار دۆلار بووە.

واتە بەشێوەیەکی تێکڕا داهاتی مانگانەی فرۆشتنی نەوت لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کەمتر لە 50 ملیۆن دۆلار بووە، لەو بڕەش تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا دراوە بە کۆمپانیای دانەغاز کە لە نێوان 22 تا 24 ملیۆن دۆلاری مانگانە بووە، هاوکات تێچووی پشتیوانییکردنی نرخی نەوتی سپی لێ دابینکراوە بۆ هاووڵاتییانی کوردستان، کە لە زستانی ڕابردوودا سەرجەمیان نەوتیان پێ دراوە.