پارێزگاری دهۆک: پرۆسەی پاککردنەوەی پاشماوەکانی لافاوەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

K24 - هەولێر

پارێزگاری دهۆک ڕایدەگەیەنێت، پرۆسەی پاککردنەوەی پاشماوەکانی لافاوەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و پێش جەژنی ڕەمەزان قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەکەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25-03-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پڕۆسەی پاککردنەوەی ئەو گەڕەک و کۆڵانانەی شاری دهۆک کە پێویستییان بە پاککردنەوە بوو، لە قۆناغی کۆتاییدایە. سبەی سێشەممە، 25-03-2024، دەست دەکەین بە قەرەبووکردنەوەی پێنج زۆن (ناوچە)ـی ڕۆژهەڵاتی شارەکە کە پێمان وایە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە".

پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، "قەرەبووکردنەوەکەی خانووەکانی ئەو پێنج زۆنە (ناوچەیە) لە ڕێگەی دابینکردنی کەلوپەلی ناوماڵەوە دەبێت. هاوکات قەرەبووی ماددی بەو خاوەنخانووانە دەدرێت کە زیان بە خانووەکانیان گەیشتووە بۆ ئەوەی دووبارە نۆژەنیان بکەنەوە".

د. عەلی تەتەر ئەوەشی خستەڕوو، "پێنج لیژنەمان پێکهێناون بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ زیانە ماددییەکانی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی هەفتەی ڕابردووی دهۆک بکەن. لیژنەی شەشەمیش جارێکی دیکە بەدواداچوون بۆ زیادەڕووەکانی گەڕەکی هشکەڕوو دەکات و پێداچوونەوە بە ماستەر پلانی ئەو گەڕەکە دەکات".

پارێزگاری دهۆک لەبارەی هەڵسانی لافاوەکەی هەفتەی رابردوو ئاماژەی بەوە کرد، "لە ماوەی 30 کاتژمێردا نزیکەی 352 ملیمەتر باران لە دهۆک باری. دەتوانم بڵێم، بارانی ساڵێک، لە ماوەی دوو ڕۆژ و شەوێکدا بەسەر دهۆکدا باریوە. لە مێژوودا، بەم بڕە باران لەم ناوچەیە لەم ماوە کەمەدا نەباریوە".

د. عەلی تەتەر روونیشیکردەوە: "تاوەکو ئێستە تەنها هاوکارییە مادددی و مرۆییەکانی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە دەستی ئێمە؛ جگە لەوانە هیچ هاوکارییەکی دیکە نەگەیشتووەتە دەستمان. داوا لە خەڵکی خۆمان دەکەین، هەر کەسێک بیەوێت هاوکاری زیانلێکەوتووان بکات، لە ڕێگەی حکوومەتەوە ئەو کارە بکات، بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و دادپەروەرانە بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەش بکرێن".

رۆژی سێشەممە، 19-03-2024، لە ئەنجامی بارانێکی بەخوڕ، لافاو لە چەند گەڕەکێکی شاری دهۆک هەڵسا. کاریگەریی لافاوەکە زیاتر لەسەر گەڕەکەکانی هشکەڕوو، نەزارکێ و بەڕووشکێ بوو. بەهۆی لافاوەکەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا، زیان بە زیاتر لە هەزار خانوو گەیشت و دەیان ئۆتۆمبێلیش ژێرئاو کەوتن.

لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی و دوای کەمتر لە 48 کاتژمێر بەسەر هەڵسانی لافاوەکە، لە قۆناغی یەکەمدا و لە رێوڕەسمێکدا؛ کلیلی 117 یەکەی نیشتەجێبوون (شوقە) بە خاوەنی 117 خاوەنخانووی ئەو گەڕەکانی دهۆک درا کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانی زۆر بە خانووەکانیان گەیشتبوو و جێگەی مانەوەیان نەمابوو. پڕۆسەکە بەردەوامە و بڕیارە قۆناغ بە قۆناغ تا پێش جەژنی رەمەزان، قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بکرێتەوە.

هەر دوای هەڵسانی لافاوەکە، لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی؛ مەنسور بارزانی، فەرماندەی لەشکەری گوڵان و تایبەتیی یەک، بە هاوڕێیەتی سەدان پێشمەرگە بۆ ماوەی چەند رۆژێکە لە دهۆکە و لەگەڵ چین و توێژەکانی شارەکە سەرقاڵی پاککردنەوەی شارەکەیە لە پاشماوەکانی لافاوەکە.

لەبارەی ئەوەی حکومەتی عێراقیش هیچ هاوکارییەکی زیانلێکەوتووانی کردووە یان نا، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رەتیکردەوە حکوومەتی عێراق "یەک دیناریشی پێشکەشی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک و دەوروبەری کردبێت" و، گوتی: "تەنانەت سەرەخۆشییان لە ئێمە نەکردووە".