بەهۆی پیسبوونی دەریاچەی دووکانەوە بەردانەوەی ئاو بۆ سلێمانی راگیرا

قەزای دووکان
قەزای دووکان

K24 – سلێمانی:

بەهۆی پیسبوونی ئاوی دەریاچەی دووکانەوە، بەشێوەیەکی کاتی بەردانەوەی ئاو بۆ ناوشاری سلێمانی و قەزای دووکان راگیرا و قایمقامی قەزای دووکانیش هۆکارەکەی بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات.

رۆژی دووشەممە (25ـی ئاداری 2024) سیروان سەرحەد، قایمقامی قەزای دووکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزای دووکان تانکەرێک کە رۆنی رەشی بارکردووە تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە، لە ئەنجامدا رۆنە رەشەکە تێکەڵ بە ئاوەڕۆی گەڕەکەکە بووە و لەوێشەوە رژاوەتە دەریاچەکەوە.

سیروان سەرحەد ئاماژەی بەوەشکرد: تیمەکانمان لە بەرگری شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان راسپاردووە کە دەست بە پاککردنەوەی ئاوەکە بکەن و کێشەکە هێندەی نەماوە و چارەسەر دەبێت.

هاوکات قایمقامی قەزای دووکان راشیگەیاند: داوامانکردووە بەردانەوەی ئاو بۆ ناو شاری سلێمانی و قەزای دووکان رابگیرێت بۆ ئەوەی ئاوی پیس بە ماڵان نەگات تا ئەوکاتەی کێشەکە چارەسەر دەبێت، هەرچەندە پێشبینی کرد بە زوویی کێشەکە چارەسەر ببێت و گوتی: لەگەڵ رۆشتینی ئاوی زێیەکە رۆنە رەشەکەش دەڕوات.