ئەحمەد عەبدرەبە: وەزارەتی دارایی عێراق هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە بۆ رەتکردنەوەی هەژماری من

ئەحمەد عەبدرەبە، پسپۆڕی دارایی
ئەحمەد عەبدرەبە، پسپۆڕی دارایی

K24 - بەغدا:

پسپۆڕێکی دارایی عێراقی رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق و بانکی ناوەندی مافی ئەوەیان نییە مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بانکێکی دیاریکراودا و ئاماژەی بەوەش دەکات: وەزارەتی دارایی عێراق هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە بۆ رەتکردنەوەی پرۆژەی هەژماری من.

لە ماوەی رابردوودا و ئێستاشی لەسەر بێت، لە چەند لایەنێکی جیاوازەوە هەوڵدەدرێت بۆ پەکخستنی پڕۆژەی هەژماری من، دیارترین ئەو هەوڵانەش بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بوون لەبارەی ئەوەی کە کار بە پڕۆژەی هەژماری من بۆ پێدانی مووچەی هەرێمی کوردستان ناکات.

پرۆژەی هەژماری من یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا زیاتر لە 250 هەزار هەژمار بۆ فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببن بە خاوەن هەژماری خۆیان، پرۆسەکە لە رێگەی پێنج بانکەوە بەڕێوەدەچێت، ئەم بانکانەش هاوشێوەی تەواوی بانکەکەنی دیکەی عێراق لەژێر چاودێری و یاساکانی بانکی ناوەندییەوە کاردەکەن.

ئەحمەد عەبدرەبە، پسپۆڕی دارایی بە کوردستان24ـی راگەیاند: داواکارییەکەی وەزارەتی دارایی عێراق هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە و نە وەزارەتی دارایی و نە بانکی ناوەندی مافی ئەوەیان نییە مووجەخۆران و حکومەتی هەرێم ناچار بکەن مامەڵە لەگەڵ بانکێکی دیاریکراودا بکەن بۆ دابەشکردنی مووچە.

ئەو پسپۆڕە داراییە عێراقییە دەڵێت: "نابێت حکومەتی عێراق فەرمانبەران و حکومەتی هەرێم پابەند بکات بەوەی کە لە بانکێکی دیاریکراودا هەژمار بکەنەوە بۆ پێدانی مووچە، پابەندکردن و ناچارکردنی فەرمانبەرانی هەرێم بۆئەوەی لە بانکێکی دیاریکراو هەژمار بکەنەوە و مامەڵەیان تەنها لەگەڵ ئەو بانکانە بێت، پێچەوانەی یاسایە".

هەروەها ئەحمەد عەبدرەبە گوتیشی: "هیچ یاسا و رێنماییەک نییە ئەو مافە بدات بە بانکی ناوەندی کە قەدەغە بخاتە سەر هیچ بانکێک بۆ ئەوەی بەشدار بێت لە پرۆسەی بەدیجیتاڵیکردنی دابەشکردنی مووچە".

لەلایەن خۆیەوە، سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 روونیکردەوە: پاساوەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ پابەندکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم بانکانەی کە خواستی وەزارەتی دارایی عێراقە جیاوازە لەگەڵ یاساکانی کاری بانکی ناوەندی و رێنماییەکانی بواری کارکردنی بانکەکان.

بە گوێرەی یاسا و رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، هیچ جیاوازییەک لەنێوان کارکردن لەگەڵ ئەو بانکانەدا نییە کە لەژێر چاودێری ئەوان کار دەکەن، ئەو پێنج بانکەی کە لە پرۆژەی هەژماری من بەشدارن لە چوارچێوەی یاسا و مۆڵەتی بانکی ناوەندیدا کاردەکەن، ئەمەش تەواوی ئەم پاساوانە رەتدەکاتەوە بۆ بەستنەوەی پرۆژەی هەژماری منی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چەند بانکێک کە مەبەستی وەزارەتی دارایی عێراقە، ئێستاش لە بەغداوە نزیکەی 40 بانک خواستی بەشداریکردنیان هەیە لە پرۆژەی هەژماری من.