فڕۆکەخانەی بەغدا؛ لە زستان بەرگەی باران ناگرێت و لە هاویندا زوو زوو ئاگر دەگرێت

K24 - هەولێر:

فڕۆکەخانەی بەغدا بەرگەی یەک شەو بارانی نەگرت و ئاو لە هەموو جێگەیەکەوە دزەی کرد ناو فڕۆکەخانەکە، تەنانەت هاوشێوەی تاڤگە ئاو لە بنمیچی ژووری میوانانی فڕۆکەخانەکەوە هاتەخوارەوە. گەشتیارانیش بەهۆی ئەو دۆخەوە کارەکانیان پەکی کەوتووە داوادەکەن سەرۆکوەزیران و وەزیری گواستنەوە بێنە سەرخەت و کێشەکانی ئەو فڕۆکەخانەیە چارەسەربکەن.

دۆخی فڕۆکەخانەی بەغدا بەجۆرێک خراپە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆشی لە ئەدای کارەکانیان رازی نییە لەبەردەم کامێراکاندا لەبەڕێوەبەرەکەی تووڕەدەبێت و دۆخی فڕۆکەخانەکە بە بێسەروبەر ناودەبات.

فڕۆکەخانەی بەغدا؛ چیرۆکی ئەو فڕۆکەخانەیەی بۆ هەر وەرز و بارودۆخێک کێشەیەک هەیە تووشی ببێت، بە زستان لافاوی تێدەچێت و ئاوی باران وەک تاڤگە بە سەقفەکەیدا دێتە خوارەوە، بەهاوینیش زوو زوو ئاگردەگرێت. کارەکانی فڕۆکەخانەکەش بەشێوەیەک بەڕێوەدەچێت کە تەنانەت محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆشی لێی رازی نییە و توڕەی خۆی بە بەڕێوەبەرەکەیدا دەتەقێنێتەوە.

فڕۆکەخانەی بەغدا بەرگەی یەک شەو بارانی بەخوڕی نەگرت و ئاو لە هەموولایەکەوە دزەی کردە ناو هۆڵەکانی فڕۆکەخانەیە، گەشتیاران ناچاربوون بە پێوە بچنە سەر کورسییەکان تا ئاو نەچێتە ژێریان. ژووری پێشوازی لە میوانە گرنگەکانیش کە بە ڤی ئای پی ناسراو ئاو هاژەی دێت لەناویا، باشبوو عێراق لەوکاتەدا میوانێکی گرنگی نەبوو.

سوودانی خۆی لە بەرپرسانی فڕۆکەخانەی بەغدا تووڕەیە، چونکە لەو فەوزا و بێسەروبەرییەدا هەندێک جار گەشتیار ناچار دەبێت بۆ دوو سەعات یان زیاتر چاوەڕوانی وەرگرتنەوەی جانتاکەی بکات. جار بەجاریش بەهۆی هەڵەی کارمەنداکان و شۆرتی کارەباوە ژوورێک یان بنمیچێکی فڕۆکەخانەی بەغدا ئاگردەگرێت، گەشتیارانیش وەک ئەوەی لەگەڵ دۆخەکە راهاتبن بە ئاسایی سەیری دەکەن.

فڕۆکەخانەکە لەساڵی 1982 کراوەتەوە، تا ئێسا سێ جار بەناوی نۆژەنکردنەوە پارەی تێداخوراوە، پێنج کابینەی حکومەتی عێراقی نەیانتوانیوە فڕۆکەخانەکە راستەڕێ بکەن، ئەوەندە گەندەڵی و بێسەروبەری تێدایە.

جار بەجار پشیلە دێتە ناو فڕۆکەخانەکە و دەچێتە ناوی شوێنی هاتنەوەی جانتا و کەلوپەلەکان، بەغدا شکۆی دەوڵەتە و دەبێت فڕۆکەخانەکەی لە ئاستی ناوەکەیدا بێت، بەڵام ئەوەی بەغدا هەرچی بێت فڕۆکەخانەیەکی پێشکەوتوو نییە، کە گەشتیاران بە ئارامی گەشتی تێدابکەن.