تووشبووانی شەکرە ئەگەری تووشبوونیان بە زەهایمەر هەیە

تووشبووانی شەکرە ئەگەری تووشبوونیان بە زەهایمەر هەیە
تووشبووانی شەکرە ئەگەری تووشبوونیان بە زەهایمەر هەیە

K24 – هەولێر:

نەخۆشیی شەکرە دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێویستی بەپەلە بۆ تێگەیشتن لەم بارودۆخە.

توێژینەوەیەکی نوێ کە لەسەر مشک کراوە و دەرکەوتووە، پەیوەندیی هەیە لە نێوان نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم و نەخۆشی زەهایمەر، کە هەندێک لە زاناکان بە "شەکرەی جۆری سێیەم" یان "شەکرەی مێشک" ناویان بردووە.

بە گوتەی توێژەران دەکرێت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر بە ڕێژەیەکی باش کەمبکرێتەوە، ئەویش لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی شەکرە.

نارێندرا کومار، مامۆستا لە زانکۆی تەکساس دەڵێت: "ئێمە پێمان وایە نەخۆشیی شەکرە و زەهایمەر پەیوەندییەکی بەهێز پێکیان دەبەستێتەوە، بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی، دەتوانین ڕێگری بکەین یان لانیکەم لە گەشەکردنی نیشانەکانی لەبیرچوونەوە لە نەخۆشی زەهایمەردا".

نەخۆشییەکانی شەکرە و زەهایمەر لە خێراترین نیگەرانییە تەندروستییەکانن لە سەرانسەری جیهاندا، نەخۆشیی شەکرە توانای جەستە دەگۆڕێت بۆ گۆڕینی خۆراک بۆ وزە، لە هەمان کاتدا نەخۆشی زەهایمەر بە جۆرێک بە نەخۆشی لەبیرچوونەوە ناسراوە کە دەبێتە هۆی دابەزینی وردە وردە توانای بیرەوەری و بیرکردنەوە.

ئەوە ئاشکراکراوە کە سیستەمی خۆراک کاریگەری لەسەر گەشەکردنی نەخۆشیی شەکرە هەیە، هەروەها لەسەر توندیی کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی، هەروەها بۆ ئەوەی بزانن چۆن سیستەمی خۆراک دەتوانێت کاریگەریی لەسەر گەشەکردنی نەخۆشی زەهایمەر لە تووشبووانی شەکرەدا هەبێت، توێژەران بەدواداچوونیان بۆ ئەوە کردووە کە چۆن پڕۆتینێکی دیاریکراو لە ڕیخۆڵەکاندا کاریگەری لەسەر مێشک دەبێت.

هەروەها توێژەران بۆیان دەرکەوت کە خۆراکی دەوڵەمەند بە چەوری پڕۆتینێک بەرهەم دەهێنێت بە ناوی Jak3 (جۆرێکە لە ئەنزیم کە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە چۆنیەتی پەیوەندی خانەکان بەتایبەت لەناو سیستەمی بەرگریدا) و ئەو مشکانەی کە ئەم پڕۆتینەیان تێدا نەبووە بەرکەوتەی زنجیرەیەک هەوکردن بوون کە لە ڕیخۆڵەوە دەست پێدەکات و بە جگەردا دەڕوات بۆ مێشک، لە کۆتاییدا مشکەکان نیشانەکانی هاوشێوەی زەهایمەر لەسەر مێشکیاندا بەدیار کەوت، لەوانە زیادبوونی دەردانی بێتا ئەمیلۆید لە مشکدا.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتی: تاقیگەکەی ماوەیەکی زۆرە لێکۆڵینەوە لە Jak3 دەکات، ئێستاش دەزانن کە کاریگەری خۆراک لەسەر گۆڕانکاری لە دەربڕینی Jak3 دەبێتە هۆی تێکچوونی ناوپۆشی ریخۆڵە باریکە، کە لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای مێشک بۆ نەهێشتنی ماددە ژەهراوییەکان و نیشانەکانی هاوشێوەی بیرچوونەوە کە لە نەخۆشی زەهایمەردا دەردەکەون.

نارێندرا کومار مزگێنییەکی خۆش رادەگەیەنێت و دەڵێت: رەنگە بتواندرێت ئەم ڕێڕەوی هەوکردنە بوەستێنرێت بە خواردنی خۆراکی تەندروست و کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن لە زووترین کاتدا، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر کەم دەکاتەوە.