د. عه‌لی قه‌ره‌داغی: ده‌ستپێشخه‌ریی و هه‌وڵمان بۆ لێكگه‌یشتن له نێوان دادگای فیدراڵی و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه
K24 - هەولێر:
سه‌رۆكی یه‌كێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان ئاماژه به‌وه ده‌كات، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كیان هه‌یه بۆ لێكگه‌یشتنێك له نێوان دادگای فیدراڵی و هه‌رێمی كوردستان و ده‌رنه‌كردنی ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌بنه هۆی بچووككردنه‌وه و لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان؛ ده‌شڵێت، خه‌ڵك و سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر هه‌وڵێكی له‌م شێوه‌یه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه.
د. عه‌لی قه‌ره‌داغی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان له میانی به‌شداریی له به‌رنامه‌ی پارشیڤ له كوردستان24 ڕایگه‌یاند، چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكی باڵای حكوومه‌تی عێراق دانیشتوون و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كیان بۆ لێكگه‌یشتنێك له نێوان دادگای فیدراڵی و هه‌رێمی كوردستان و ده‌رنه‌كردنی ئه‌و بڕیارانه‌ی ده‌بنه هۆی بچووككردنه‌وه و لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كردووه.
د. عه‌لی قه‌ره‌داغی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، به‌رپرسه عێراقییه‌كه پێی ڕاگه‌یاندوون، ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌یان ده‌گه‌یه‌نێته دادگای فیدراڵی. گوتیشی، وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی كورد، به به‌رپرسه عێراقییه‌كه‌ی گوتووه: دادگای فیدراڵی كه خۆی به دادگای ده‌ستووریی و شه‌رعیی داده‌نێت، پێویسته بۆ چاره‌كردنی زۆرێك له پرس و كێشه‌كانی وه‌ك ئه‌و پرس و كێشانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌تی، مه‌رجه‌عیه‌تێكی هه‌بێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش یه‌كێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان كه دامه‌زراوه‌یه‌كی گه‌وره و فراوانه و له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا نوێنه‌رایه‌تی زیاتر له 90 وڵاتی تێدایه، باشترین مه‌رجه‌عه بۆ ئه‌وه‌ی دادگاكه كه خۆی به شه‌رعیی ده‌زانێت بۆ چاره‌كردنی پرس و كێشه‌كان، بۆی بگه‌ڕێته‌وه.
سه‌رۆكی یه‌كێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان ڕوونیشی كرده‌وه، كه دادگای فیدراڵی خۆی به شه‌رعیی ده‌زانێت، پرسیاری ئه‌وه‌ی لێ ده‌كه‌ن "نه‌دانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له شه‌رعدا چۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت؟"
جه‌ختیشی كرده‌وه هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌یان كه ئاراسته‌ی دادگای فیدراڵییان كردووه، له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیكه‌ی حكوومه‌تی عێراقیش له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی "ده‌رچه‌یه‌كی شه‌رعیی و یاسایی" بۆ ئه‌و پرسه بدۆزنه‌وه.