گرنگی یارییە دۆستانەکان لە چیدایە؟

فێدراسئۆنی نێودەوڵتی تۆپی پێی '' فیفا ''
فێدراسئۆنی نێودەوڵتی تۆپی پێی '' فیفا ''

زۆر کەس پێیوایە یاریی دۆستانەکانی نێوان هەڵبژاردەکان یارییەکی ئاساییە و رەنگە کاتیشی بۆ دادەنێت بۆ سەیر کردنی، بەڵام یارییە دۆستانەکانیش بە تایبەت لە نێوان هەڵبژاردەکانی جیهان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەڵبژاردەکان ئامادەکاری باشی بۆ دەکەن.

سەرەتا مێژووی یاریی دۆستانە لە نێوان هەڵبژاردەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1872 کاتێک بۆ یەکەمجار هەردوو هەڵبژاردەی سکۆتلەندا و ئینگڵتەرا، لە یارییەکی دۆستانە رووبەڕووی یەکتری بونەوە، پاشان لە ساڵی 1875 بۆ یەکەمجار هەڵبژاردەکانی ئەمریکا و کەنەداش لە یارییەکی دۆستانە رووبەڕووی یەکتری بونەوە.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی یارییە دۆستانەکان لە نیوان هەڵبژاردەکان ئەوەیە، کاتێک پاڵەوانتیەک یاخود پاڵاوتنی کیشوەرەکان دەست پێدەکات، فیفا لەسەر پێوەری ریزبەندی هەڵبژاردەکانی جیهان، ئاستی هەڵبژاردەکان دیاری دەکات، هەر ئەمەش وایکردووە هەڵبژاردەکان بە گرنگیەوە لە یارییە دۆستانەکان بڕوانن.

یارییە دۆستانەکان دەرفەتێکیشە بۆ یاریزانە لاوەکان، ئەمجۆرە یارییانە دەرفەتێکە بۆ یاریزانە لاوەکان بۆ ئەوەی توانای خۆیان پیشان بدەن، چونکە زۆربەی کاتەکان راهێنەرەکان ئەو یارییانە دەکەنە پێوەر بۆ ئەو یاریزانانەی لە خولەکانی نێوخۆیی ئاستێکی باش پێشکەش دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە یارییە دۆستانەکان دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو یاریزانانەی دوو ناسنامەیان هەیە، دیارترین نمونە براهیم دیاز یاریزانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیایە، ئەو یاریزانە پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 بڕیاریدا لەبڕی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، یاریی بۆ مەغریب بکات.

یاریی دۆستانە ناچێتە چوارچێوەی یاریی فەرمی، هەربۆیە ئەو یاریزانانەی دوو ناسنامەیان هەیە، بۆیان هەیە ئەگەر لەگەڵ وڵاتی یەکەم سەرکەوتوو نەبوون، ئەو کات وڵاتی دووەم هەڵبژێرن، بۆ نمونە براهیم دیاز ئەگەر لەگەڵ مەغریب سەرکەوتوو نەبوو، دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمە ئیسپانیا هەڵبژێرێت.