ئەیسی میلان بودجەیەکی زەبەللاحی لەبەردەستە

ئەیسی میلان
ئەیسی میلان

ئەیسی میلان بۆ وەرزی داهاتوو، نزیکەی 130 میلیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی چەند یاریزانێکی نوێ خەرج دەکات و لە ئێستاوە ئەو یانەیە ئامادەکاریی بۆ وەرزی داهاتوو دەکات.

یانەی ئەیسی میلانی ئیتاڵیا، بەهۆی بەشداری کردنی لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، کە بەشێوازێکی نوێ دەکرێت، 50 ملیۆن یۆرۆی دەست دەکەوێت، هەروەها ئەو یانەیە لە فرۆشتنی دانیێل مالدینی و ئالێکسس سالماکێرز و شارێل دێکتلار نزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆی دەست دەکەوێت و بە تێکڕایی داهاتیان دەگاتە نزیکەی 90 ملیۆن یۆرۆ.

بە گشتیی، یانەکەی شاری میلانۆ، چاوەڕێ دەکرێت بۆ هاوینی داهاتوو نزیکەی 130 ملیۆن یۆرۆی بەردەست بێت بۆ گواستنەوەی چەند یاریزانێکی نوێ، یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەو یانەیەش، مارتین زوبێمێندی ناوەڕاستکاری ئیسپانی یانەی ڕیاڵ سۆسیدادە.

هەروەها ڕۆسێنەری بۆ هێلی پێشەوەش چاوی بڕیوەتە چەند یاریزانێک، لەوانەش ڤیکتۆر گوکێرش لە سپۆرتینگ لیسبۆنا و یاشوا زیرکێزی لە بۆلۆنیا و بێنجامین شێشکۆ لە یانەی لایپزیگ ئەڵمانیا.