پارتی توركمان ئیللی: به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناكه‌ین

لۆگۆی پارتی توركمه‌ن ئیللی
لۆگۆی پارتی توركمه‌ن ئیللی

K24 - هەولێر:

پارتی توركمان ئیللی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دادگای فیدراڵی خۆی له‌ جێی ده‌ستوور داناوه‌ و بڕیاره‌كه‌ی له‌باره‌ی نه‌هێشتنی كورسیی كۆتاكانی په‌رله‌مانی كوردستان ناده‌ستوورییه‌؛ ده‌شڵێت، له‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌و بڕیاره‌، به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ناكه‌ن.

ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 26ـی ئاداری 2024) پارتی توركمان ئیللی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و هه‌ڵوێستی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبه‌ت به‌ نه‌هێشتنی كورسیی كۆتای پێكهاته‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و ڕاگه‌یاندووه‌، دادگای فیدراڵی خۆی خستووه‌ته‌ شوێنی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕۆح و ده‌قه‌كانی ده‌ستوور و بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سیستمی فیدراڵی كار ده‌كات و بڕیار ده‌رده‌كات.

پارتی توركمان ئیللی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی ژمارەیەکی زۆری پارت و قەوارەکان بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی مانگی ئایاری داهاتوو بکەن، "ئێمەش وای دەبینین کە ئەم ڕەوشەی ئێستا نوێنەرایەتییەکی نادروست و ناواقیعی لێ دەکەوێتەوە لە پەرلەمانی هەرێم و لەوانەیە لێکەوتەکانی ئەم بابەتە بگاتە هەڕەشە لە ئاشتی ناوخۆیی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی گەلی هەرێم."

پارتی توركمان ئیللی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "لە سۆنگەی بایەخدانمانەوە بە دیموکراسی لە هەرێم و نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و بۆ ئەوەی نەبین بە بەشێک لە پرۆسەیەک کە مەترسیی بخاتە سەر گیانی پێکەوەژیان و ئاشتی ناوخۆیی، ڕایدەگەیەنین کە ئێمە بەشداریی لەم هەڵبژاردنە ناکەین و نوێنەرەکەمان لە لیستی بەرەی تورکمانی دەکشێنینەوە ئەگەر گۆڕانی وا نەبینین کە مەترسییەکانمان بڕەوێننەوە و ڕەوایەتیی و دروستیی بگێڕنەوە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن."

ڕۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایانەی لە دژی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و یاسای تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کۆبووەوە.

بەشێک لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان:

1. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ.

2. بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش دەکرێت.

3. ژمارەی کورسی کوتاکان کە 11 کورسین هەڵدەوەشێندرێنەوە و نادەستوورین؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە دەکرێنە 100 کورسی.

چوارشەممە، 28-02-2024، پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی بڕیارەکانی دادگای کە ڕۆژی 21ـی شوبات دەرچوون و کورسیی کۆتاکانی لە پەرلەمانی کوردستان، بە نا دەستووریی لە قەڵەم داوە، بڵاوکردەوە. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەو سکاڵایە لەلایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تۆمارکراوە، بۆیە ئەو بڕیارە بڕیارێکی ستەمکارانەیە، هەروەها تەقلیدێکی سیاسی کۆنە. لە ساڵی 1992ـەوە کە پەرلەمانی کوردستان دامەزراوە، مافی سیاسی پێکهاتەکان دابین کراوە".

ئاماژە بەوەش کراوە، "لە دوای ڕاپەڕینەوە هەوڵدراوە هەرێمی کوردستان ببێتە شوێنێکی ئارام بۆ پێکهاتەکان لەبەرانبەر ستەمکارییەکانی سەدام حوسێن، پێشتریش هەولێر بووەتە ئامانجی هەڕەشەکانی داعش، بۆیە بەهەمووان هەوڵی لەناو بردنی داعش دراوە، هەروەها بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڕیارێکی ستەمکارانەن".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەو بڕیارانە لە بەرژەوەندیی لایەنێکی دیاریکراودایە، لەسەر حسابی هەموو پێکهاتەکان. ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق، کە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافی تورکمانەکان و کریستییانەکان، ئەمەش هەوڵێکە بۆ گۆڕینی پەرلەمانی کوردستان لە فرەچەشنییەوە بۆ پەرلەمانێکی کوردی موسڵمان".

ئەو بڕیارەی دراوە، بۆ وەلانانی کورسی کۆتاکان، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، "نەفەسێکی کۆنە کە لەساڵانی ڕابردووش لە عێراقدا هەبووە، بۆیە ئێمە وەکو نوێنەری تورکمان و کریستیانەکان داوا دەکەین فشار بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی عێراق تاوەکو دەستوور جێبەجێ بکەن و کودەتای لەسەر نەکرێت".

بەگوێرەى ماددەى 36ـی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پێنج کورسی کۆتا بۆ کلدان، سریان و ئاشوورییه‌كان تەرخان كراوه‌، لەگەڵ یەک کورسی بۆ پێکهاتەى ئەرمەن و پێنج کورسیش بۆ تورکمانەکان، بەڵام ڕۆژی 21ـی ئەم مانگە، دادگای فیدراڵی ئەو 11 کورسییەی هەڵوەشاندەوە.